بەرپرسێکى کارەباى سلێمانى دەڵێت، بەهۆى دابەزینى ئاستى ئاو لە بەنداوى دوکان بەرهەمهێنانى کارەبایان لە بەنداوەکە راگرتووە.
سیروان محەمەد، وتەبێژى بەڕێوەبەرایەتیی گشتیى کارەباى سلێمانى بە تۆڕى میدیایی ئێستاى راگەیاند، چەند رۆژێكە بەرهەمهێنانی كارەبا لە وێستگەى کارۆئاویی دوكان راگیراوە و هیچ بڕە كارەبایەك لە بەنداوەكە بەرهەم ناهێنرێت، ئەوەش بەهۆى کەمبوونەوەى ئاستى ئاوى بەنداوەکە و کەمى ئاوى گلدراوە.
وتیشى، “لە باشترین حاڵەتی پڕبوون و زۆربوونی ئاوی بەنداوی دوكان، ئەگەر وێستگەكانی بەنداوەكە كاریان پێبكرێت، دەتواندرێت 400 مێگاوات كارەبا بەرهەم بهێندرێت، بەڵام لە ئێستادا بەرهەمهێنان لە وێستگەکە سفرە”.
بۆ بەرهەمهێنانى کارەبا پشت بە وێستگە غازییەکان دەبەستین، سیروان محەمەد واى وت.
باسى لەوەشکرد، ئاوى گلدراوەى ئێستاى بەنداوى دوکان تەنها بەشی خواردنەوە دەكات و ناتوانرێت كارەبای لێبەرهەم بهێنرێت و، دابینكردنی ئاوی خواردنەوەش لە پێشینەی خواست و پێداویستییەکانەوەیە.