قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند، لە ساڵانی رابردوودا هەوڵماندا لەڕێی هەمواری یاسا بەرکارەکان و دەرکردنی رێنمایی نوێوە بەشێک لە مافەکانی کرێکاران دەستەبەر بکەین.
لە رۆژی جیهانی کرێکاراندا قوباد تاڵەبانی لە پەیامێکدا رایگەیاند، پیرۆزبایی لە هەموو کرێکارانی زەحمەتکێشی کوردستان دەکەین و رۆڵیان لە بوژانەوە و ئاوەدانکردنەوەی کوردستاندا بەرز دەنرخێنین.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەرێمی کوردستان لە قۆناغی گەشەسەندندایە و کەرتی تایبەت ساڵ لە دوای ساڵ بەهێزتر دەبێت. بەڵام گەشەسەندنی راستەقینە بەدی نایەت بەبێ هێزێکی کاری شارەزا کە مافەکانیان بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان پارێزراوبێت.
باسیلەوەشکرد، لە ساڵانی رابردوودا هەوڵماندا لەڕێی هەمواری یاسا بەرکارەکان و دەرکردنی رێنمایی نوێوە بەشێک لە مافەکانی کرێکاران دەستەبەر بکەین، لەمەودواش هەوڵ دەدەین بە هەماهەنگی لەگەڵ کەرتی تایبەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان کە لەلایەکەوە پەرە بە تواناکانی دەستی کاری ناوخۆیی بدەین و لەلایەکی دیکەشەوە ماف و شایستەکانیان بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان گەرەنتی بکەین.