ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، “ئەمڕۆ بەرهەمی ماندووبوونمان دەرکەوت”.
چرۆ حەمەشەریف، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، “وەک ئاشکرایە بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لەساڵی 2014ەوە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقه، بۆ هەڵسوڕاندنی پرۆژەیاساکە پێویستی بە نوێنەرێکی راستەقینە و دڵسۆزی شارەکە و دانیشتووی شارەکە بوو، بۆیە ئەمڕۆ بەرهەمی ماندووبوونمان دەرکەوت، پیرۆزبایی لەسەرجەم کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و چین و توێژە جیاوازەکان دەکەم”.
دەشڵێت، “خۆشحاڵم وەک کچێکی ئەم شارە بێنازه بەبێ ماندووبوون هەوڵی بێ وچانماندا بۆ تەواوکردنی رێکارەکانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە و پێشتریش بەردەوام لە لێدوانەکانماندا ئاماژەمان پێدابوو ئەم خولە رێکارەکان کۆتاییدێت و پرۆژە یاساکە پەسەند دەکرێت”.
چرۆ حەمەشەریف ئەوەش دەڵێت، “بوونی متمانە و دڵسۆزیمان بۆ شار و خەڵکەکەی کلیلی سەرکەوتنمان بوو دووبارە پیرۆزبێت لە خەڵکی خۆشەویستی پارێزگای هەڵەبجە و تەواوی هەرێمی کوردستان”.