بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر، لە راگەیەندراوێکدا کاریگەرییەکانی خۆڵبارین و چەند رێنماییەکی بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی بڵاوکردەوە.
کاریگەرییەکان :
٭ دەبێتە هۆی هەستیاری و پێڵووی چاوەکان سووردەبنەوە و تووشی خوران دەبێت.
٭ هەستیاریی لوت و بەتایبەتتر ناوپۆشی لوت سووردەبێتەوە تووشی هەوکردن دەبێتەوە بەمەش گیرانی لوت دروستدەبێت و کەسەکە تووشی تەنگەنەفەسی دەبێت.
٭ فشاری خوێن و خوێنبەربوون و هەوکردنی گوێچکەی ناوەڕاست زۆرجار دەرئەنجامی ئەم خۆڵبارینەیە و کاریگەری دروستدەکات.
٭ ئەو کەسانەی تەنگە نەفەسن و رەبۆیان هەیە لەگەڵ ئەم خۆڵبارینە حاڵەت و نیشانەکانیان زیاددەکات.
٭ زۆر جار دەبێتەهۆی خورانی پێست و سووربوونەوە و نەخۆشیی ئێکزیما.
٭ کاریگەری لەسەر کۆئەندامی هەناسەدان و سییەکان دروستدەکات و بەمەش کەسەکە تووشی کۆکە و پژمین و ناڕەحەتی زۆر دەبێت، چونکە ئەو دەنکۆڵانە هەڵگری میکرۆب و بەکتریان.
تەندروستیی هەولێر دەڵێت، پێویستە هاوڵاتییان لەکاتی خۆڵبارین ئەم رێنماییانەی خوارەوە پەیڕەو بکەن:
1- داخستنی دەرگا و پەنجەرە و پاککردنەوەی شوێنی خۆڵبارین بە تایبەت بۆ ئەو کەسانەی لە ماڵەوەن.
2- لەکاتی چوونە دەرەوە دەمامک ببەسترێت و رووپۆشی خۆت و شوێنی مانەوە بکەی بەبەردەوامی.
3- دەرگا و پەنجەرە دابخە ئەگەر بۆ حاڵەتی زۆر پێویست نەبێت مەچۆ دەرەوە.
4- زۆر خواردنەوەی شلەمەنی، هەروەها لەکاتی شۆفێری و چونە دەرەوە هەوڵبدرێت هەوای ناو ئۆتۆمبێل بکرێتەوە.
5- خواردنی میوە و سەوزە بەبەردەوامی.
6- تێکەڵ نەبوونی هاوڵاتییان و مامەڵە نەکردنیان لەگەڵ سەگ و پشیلە کە ئێستا لەلایەن هاوڵاتییانەوە گرنگی زۆری پێدەدرێت، چونکە ئەو تۆز و خۆڵە لەگەڵ فەرووی ئاژەڵەکان کێشە دروستدەکات.
7- لە کاتی بوونی هەر حاڵەتێکی نەخوازراو هاوڵاتییان دەتوانن پەیوەندی بە هێڵی گەرمی ژمارە 122 بکەن.