دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لەگەڵ مێلانیای هاوسەری، بەنیازن گەشت بکەن بۆ رۆما بۆ بەشداریکردن لە پرسەی پاپا فرانسیس.
ترەمپ لە پلاتفۆرمی سۆشیال میدیای خۆی نووسیویەتی، “من و مێلانیا دەچینە پرسەی پاپا فرانسیس لە رۆما. ئێمە بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی ئەوە دەکەین لەوێ بین”.
ئەمە یەکەم گەشتی دۆناڵد ترەمپ دەبێت بۆ دەرەوەی وڵات، لە دوای دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکی ئەمریکا، لە مانگی یەکی ئەمساڵدا.
پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان بەرەبەیانی دوێنێ دووشەممە، لە تەمەنی 88 ساڵیدا کۆچی دواییکرد، دوای ئەوەی تووشی جەڵتەی مێشک بوو، کە بووە هۆی لەکارکەوتنی دڵی.
پرسەی پاپا فرانسیس بۆنەیەکی جیهانی دەبێت و چاوەڕواندەکرێت، سەرۆکی دەیان دەوڵەت لە سەرانسەری جیهاندا، بەشداری بکەن.