پۆلیسی راپەڕین: کەسێک بەتۆمەتی دزیکردن دەستگیرکرا

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند، لە رانیە، کەسێک بەتۆمەتی ئەنجامدانی چەندین تاوانی دزیکردن دەستگیرکرا.

لە راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕیندا کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا کەوتووە، هاتووە، دوای ئەوەی هاوڵاتییەکی دانیشتوی دەرەوەی سنوری ئیدارەی راپەڕین، لە بەرواری 15/4/2025، کە بۆ پرسەیەک سەردانی رانیەی کردبوو، دواتر ئامادەی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی رانیە بوو بەمەبەستی تۆمارکردنی سكاڵا، کە بە وتەی خۆی نزیکەی سێ هەزار دۆلاری ئەمریکی و بڕی حەوت ملیۆن دیناری عێراقی لە ناو ئۆتۆمبیلەکەی بووە و لێی دزاروە.

دەشڵێت، بۆ ئەو مەبەستە پەڕاوی لێکۆڵینەوە کرایەوە و دوای بەدواداچوون و بەدەستهێنانی زانیاریی پێویست، تواندرا لە ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێر ناسنامەی تۆمەتبار بەناوی (ج.ح.پ) لە دایکبووی ساڵی 1985 لە رەگەزی نێر دانیشتوی رانیە، بەڵام لە دەرەوەی وڵات دەژی، ئاشکرابکرێت و دەستگیربکرێت.

پۆلیسی راپەڕین ئاماژە بەوەشدەکات، لەکاتی دەستگیرکردنی تۆمەتبار، تواندرا دەست بگیرێت بەسەر پارەی دزراو. دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا لەبەردەم دادوەر و پۆلیسدا دانینا بە تاوانەکەیدا و لە میانی لێکۆڵینەوە دەرکەوت کە تۆمەتبار پێشینەی تاوانکاریی هەیە و دووجاری دیکە، بە تۆمەتی دزیکردن بە فەرمانی دادگا سزادراوە، سەرەڕای ئەوەشم جارێکی دیکەش بەتۆمەتی دزیکردن فەرمانی دەستگیرکردنی هەبووە.

هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، دادوەر بڕیاریدا بە راگرتنی تۆمەتبار بەپێی ماددەی 446 لە یاسای سزادانی عێراقی و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share