شارەزایەکی بواری کەشناسی رایدەگەیەنێت، شەپۆلێکی خۆڵبارینی مامناوەند بۆ چڕ، روولە ناوچەکانی هەرێم دەکات.
شاڵاو هیدایەت، شارەزای بواری کەشناسی لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند، بەهۆی زیادبوونی خێرایی بای باکووری رۆژئاواوە لە ئاراستەی رۆژئاوا بۆ سەرووی تا 20 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا، لە ئەمڕۆ و رۆژانی داهاتوو، شەپۆلێکی خۆڵبارینی مامناوەند بۆ چڕ ناوچە جیاوازەکان دەگرێتەوە و سەرچاوەکەی، ناوچە بیابانەکانی نێوان عێراق و سووریایە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم شەپۆلی خۆڵبارینە تا کاتە جیاوازەکانی رۆژی شەممە بەردەوامدەبێت و لە درەنگانی شەوی شەممە بەولاوە، بەتایبەتی بەهۆی هەڵکردنەوەی بای باکووری رۆژهەڵات، کاریگارییەکانی بەرەو کۆتایی دەڕوات، هاوکات لەگەڵیدا، پلەی گەرمییش بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت بە رێژەی 4 تا 5 پلەی سیلیزی.
ئەو شارەزایەی کەشناسی رێنمایی هاوڵاتییانیش دەکات، کە ئەم هەنگاوانە جێبەجێبکەن:
– دەرگا و پەنجەرەکان دابخەن لە ماڵەوە و شوێنە گشتییەکان.
– ئەوانەی کێشەی کۆئەندامی هەناسە و هەستیاری و نەخۆشیی لوت و چاویان هەیە، بۆ کاری پێویست نەبێت، نەیەنە دەرەوە و ئەگەریش هاتنەدەرەوە، ماسک بەکاربهێنن.
– پێویستە ئەوانەی ئۆتۆمبێل یان مۆلیدەی کارەباییان هەیە، دوای خۆڵبارین فلتەرەکانیان خاوێنبکەنەوە، چونکە کاریگەریی خراپی هەیه لەسەر مەکینەکانیان.