شاندی حكومەتی هەرێم گەیشتە بەغداد

شاندی حكومەتی هەرێم گەیشتە بەغداد و بڕیارە ئەمڕۆ كۆبوونەوەیەك لەگەڵ لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران ئەنجامبدات.

پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە 24ی كانونی دووەم شاندی حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری و بە بەشداری دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانان و خالید شوانی، وەزیری هەرێم و ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان گەیشتە بەغداد.

شاندەكە تاوتوێی پشكی هەرێم لە پرۆژەیاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2021 دەكات و بڕیارە هەر ئەمڕۆ لەگەڵ لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كۆببێتەوە.

شاندەكانی حكومەتی هەرێم بۆ بەغداد پێشتر لەلایەن قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێم سەرۆكایەتی دەكران، بەڵام توشبوونی بە كۆرۆنا بە هۆكارێكی بەشدارینەكردنی قوباد تاڵەبانی لە شاندەكەی ئەمڕۆدا دادەنرێت.

دوێنێ فارس عیسا، سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغداد بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، سبەی شاندی حكومەتی هەرێم دەگاتە بەغداد و ئێوارەی هەمان ڕۆژ لەگەڵ لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كۆدەبێتەوە.

وتیشی، گفتوگۆ و دانوستاندنەكانمان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و بڕیاربەدەستان لە بەغداد بەردەوامن بۆ تێپەڕاندنی شایستەكانی هەرێم وەك ئەوەی لە پرۆژەیاسای بودجەدا هاتووە، ئەگەرچی تێبینیمان هەیە و تەواوی خواستەكانمان لەخۆناگرێت.

بڕیارە جگە لە شاندی حكومی، شاندێكی سیاسی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و بە بەشداری بەرپرسانی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان و چەند لایەنێكی دیكە سەردانی بەغداد بكەن.

لەو بارەیەوە عەلی حسێن، بەرپرسی پەیوەندییەکانی پارتی لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا وتی، “سەردانی شاندی سیاسیی هەرێمی کوردستان کە بڕیارە بچنە بەغداد بۆ پاڵپشتیکردنی شاندە حکومییەکە و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان لایەنەکانی هەرێم و عێراقە سەرەڕای هەوڵ و گفتوگۆکانیان کە پەیوەستدەبێت بۆ ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێم و بەغداد”.

وتیشی، “شاندەکە لەسەر ئاستی باڵا دەبێت و سەرەتا لە کۆبوونەوەی لایەنەکان پێشنیاری چوونی شاندێکی سیاسیی کراوە بۆ بەغداد دواتر پارتی دیموکراتی کوردستان گفتوگۆی لەگەڵ یەکێتی و گۆران و لایەنەکانی دیکەش کرد بۆ چوونی ئەو شاندە و بڕیاردرا کە لەسەر ئاستی باڵا شاندێکی سیاسی ڕەوانەی بەغداد بکرێت”.

بابەتی پێشتر

چێڵسی 3-1 لوتۆن تاون

بابەتی دواتر

"فڕۆكە سەربازییەكانی چین ئاسمانی تایوانیان بەزاندووە"

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share