ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم: وەزارەتی سامانە سروشتییەکان راسپێردرا بۆ جێبەجێکردنی رێکارەکانی رادەستکردنی نەوت

ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا و گفتوگۆی لەبارەی سێ پرسەوە کرد.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە، دوا پێشهاتەکانی دۆسیەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و بابەتی داهاتە نانەوتییەکان و مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێم و تاوتوێکردنی میکانیزم و رێکارەکانی جێبەجێکردنی پابەندیی حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەگوێرەی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەردوولا و لێکتێگەیشتنی هاوبەشی پەسەندکراو لەلایەن هەردوولاوە، باسکرا.

ئەنجومەنی وەزیران دەڵێت، هەموو ئەرک و پابەندییە دەستوورییەکانی بە زیادەوە جێبەجێکردووە و هەموو نەرمییەکی نواندووە بۆ نەهێشتنی هەموو ئەو کێشە و ئاستەنگ و بەربەستە تەکنیکییانەی کراونەتە بیانوو بۆ نەناردنی مووچە، بۆیە نابێت چیتر ئەم بابەتانە، ببنە رێگر لەبەردەم خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کە مافێکی یاسایی و رەوای خۆیانە مووچەکانیان لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە بنێردرێت.

دواتر ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، لە دووتوێی راپۆرتێکدا، وردەکاریی دوا پێشنیازی هاوبەشی هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراقی خستەڕوو سەبارەت بە پەلەکردن لە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، کە لە کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پەسەندکرا، ئەمەش دوای ئەوەی لە هەفتەی رابردوو، لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە، پەسەندکرا و رەوانەی بەغداد کرا.

ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند، بەپێی ئەم لێکتێگەیشتنە نوێیە، سەرەڕای پشتگیریی لە جێبەجێکردنی بڕیاری پێشووتری ئەنجومەنی وەزیرانی هەردوولا، کە تەواوی نەوتی بەرهەمهاتووی هەرێم رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات (جگە لە بڕی بەکارهێنانی ناوخۆ)، ئەم قۆناغەش لەسەر واژووکردنی رێککەوتننامەی سێ قۆڵی بۆ هەناردەی نەوت وەستاوە، بەڵام دانوستانەکان بەرەوپێشچوونی باشیان بەخۆیانەوە بینیوە و وا چاوەڕواندەکرێت، لە کۆتایی ئەم هەفتەیە، ئەو رێککەوتننامەیە گەڵاڵەبکرێت.

ئەوەش هاتووە، تاوەکو کاتی واژووکردنی ڕێککەوتننامەی سێقۆڵییش، هەرێمی کوردستان بەشەنەوتی خۆی رادەستی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ دەکات، بۆ ئەم مەبەستە، ئەنجومەنی وەزیران، وەزیری سامانە سروشتیيەکان و وەفدی دانوستانکاری راسپارد، رێکاری پێویست بگرنەبەر و پێویستە حکومەتی فیدراڵیش لەبەرامبەردا، پابەندیی خۆی لە ناردنی مووچە دەستبەجێ جێبەجێبکات.

سەبارەت بە دۆسیەی داهاتی نانەوتی و بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ ئەنجومەنی دەوڵەت، ئەنجومەنی وەزیران جەختیکردەوە لەسەر “تێڕوانینی دەستووری و یاسایی خۆی لەسەر پۆلێنکردنی داهاتە نانەوتییەکان و دەستنیشانکردنی بەشی گەنجینەی فیدراڵی کە پشت بە ماددەکانی (12/دووەم-د) و (21/دووەم) لە یاسای بودجەی فیدراڵی و ماددەی 29 لە یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵی و بڕگەی سێیەمی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵیی ژمارە 224 لە 2024/2/21 دەبەستێت، کە ئەمانە هەمووی یاسا و بڕیاری فیدراڵیین و بە دەقی روون و ئاشکرا، پۆلێنی داهاتە ناوخۆییەکانی کردووە و بەشی هەر یەک لە گەنجینەی فیدراڵی و هەرێمێیشی دەستنیشانکردووە وەک لە دوا یادداشتی حکومەتی هەرێمدا هاتووە و بە رەسمی پێشکەش بە حکومەتی فیدراڵ کراوە”.

بەپێی راگەیەندراوەکە، دواتر هەریەک لە ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت و ئەندامانی دیکەی وەفدی دانوستانکار، وردەکاریی زیاتری گفتوگۆکانی ئەم دواییە و لایەنە تەکنیکی و یاساییەکانیان خستەڕوو. دوای گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران وێڕای پێشوازیکردن لە بڕیاری هاوبەشی هەردوولا، جەختیکردەوە کە ئیتر لە بەرامبەر ئەم بەرەوپێشچوونانە، پێویستە وەزارەتی دارایی فیدراڵ، دەستبەجێ مووچەی مانگی تەممووز و ئابی ساڵی 2025ـی مووچەخۆرانی هەرێم خەرجبکات و بۆ لەمەودواش، هاوشێوەی بەشەکانی دیکەی عێراق، مووچەخۆرانی هەرێم، وەک هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدراڵ، تەواوی مووچەکانیان لە کاتی خۆی وەربگرن.

لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوە، ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەسەر بابەتی هەماهەنگیی تایبەت بە رێکارە داراییەکان؛ لە ناویشیاندا بابەتی باجەکان لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ کرد، ئەویش بە رەچاوکردنی دەسەڵات و تایبەتمەندییە دەستووریەکانی هەرێم وەک لە دەستووری هەمیشەیی عێراق جێگیرکراوە، لەمبارەیەوە کەمال وەرتی، بەڕێوەبەری گشتیی باجەکان و خانووبەرەی میریی هەرێمی کوردستان کە بۆ ئەم بڕگەیە میوانداریی کۆبوونەوەکە کرابوو، چەند پێشنیاز و راسپاردەیەکی هاوبەشی تایبەت بە رێکار و رێنماییەکانی باج و رێژەکانیان خستەڕوو کە پێشتر لەگەڵ دەستەی گشتیی باجەکانی عێراق، گفتوگۆیان لەسەر کردووە.

ئەنجومەنی وەزیران هەماهەنگی و هاریکاریی فەرمانگە و دامەزراوەکانی باجی لە حکومەتی فیدراڵ و هەرێم بە گرنگ زانی و پشتیوانیی لێدەکات. لە هەمان کاتدا، ئەنجومەنی وەزیران دووپاتیکردەوە کە هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی فیدراڵیی، مافی پیادەکردنی دەسەڵات و تایبەتمەندییە داراییە دەستووریەکانی خۆی هەیە، بۆ ئەم مەبەستەش، ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتی دارایی و ئابوری و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی باجەکانی هەرێمی کوردستانی راسپارد، کە بەم ئاراستەیە و لە چوارچێوەی دەستوور، پەرە بە هەماهەنگی و هاریکاری و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدراڵ بدەن.

وەک لە راگەیەندراوەکەی ئەنجومەنی وەزیراندا هاتووە، دواتر ئالان حەمەساڵح، وەزیری پەروەردە، راپۆرتێکی تایبەتی سەبارەت بە ئامادەکارییەکانی وەزارەتەکەی بۆ دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنی 2026-2025 لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو و لەمبارەیەوە وەزیری پەروەردە، ئاماژەی بە ئامادەکارییەکانی تایبەت بە چاپکردنی کتێب و دابینکردنی پێداویستییەکانی خوێندن و خوێندنگەکان و گۆڕانکاری لە پرۆگرامەکانی خوێندن کرد و چەند پێشنیازێکیشی خستە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران بۆ سەرخستنی پلانی وەزارەت لەم بارەیەوە.

ئەنجومەنی وەزیران دەڵێت، “وێڕای دەستخۆشیی لە وەزیری پەروەردە و سەرجەم مامۆستا و فەرمانبەر و کارمەندانی وەزارەتەکەی بۆ بەردەوامیدان بە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن لە هەرێمی کوردستان، کە سەرەڕای نالەباریی بارودۆخی دارایی و ئابوریی ئەم چەند ساڵە، بەتایبەتیش کێشەی دواکەوتنی خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆران و مامۆستایان و کارمەندانی پەروەردە، بەڵام وەزارەتی پەروەردە بە هەموو پێکهاتە و هێزی مرۆیی وەزارەتەکە، بە پشتیوانیی حکومەت و رێکخراوە نيودەوڵەتی و ناوخۆییەکان و پشتیوانیی کەرتی تایبەت، بەرەوپێشچوونی باشی لە رووی راهێنانی مامۆستایان و بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزاریی فێرکردن و چاپکردنی کتێبی نوێ و کردنەوەی خوێندنگەی نوێ و نۆژەنکردنەوەیان و زیادکردنی ژوورەکانی پۆلی خوێندن و رێکخستنەوەی میلاکات، ئەنجامداوە.

لە کۆتاییدا ئەنجومەنی وەزیران، لە ساڵیادی کۆمەڵکوژیی گوندی سۆریا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بە رێز و شکۆوە، یادی شەهیدانی ئەو کارەساتەی کردەوە کە ساڵی 1969، لەلایەن رژێمی پێشووی عێراق، خەڵکی گوندەکە لە کریستیان (کلدان) و موسڵمان، کومەڵکوژ کران. داواش لە حکومەتی فیدراڵ کرا، کە قوربانیيانی ئەم تاوانە و هەموو قوربانیانی دیکەی دەستی رژێمی عێراق، قەرەبووبکاتەوە.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share