لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند، سەردانەکەی محەمەد شیاع سودانی بۆ سلێمانی دەرخەری ئەوەیە کە سلێمانی، ناوەندێکی گرنگی بڕیاردانی سیاسییە.
لەتیف نێروەیی، لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند، شاری سلێمانی، هەرچەندە وەک پایتەختی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستان دیاریکراوە، بەڵام لەهەمانکاتدا ناوەندێکی گرنگی بڕیاردانی سیاسیشە لە ناوچەکەدا، چونکە سەرجەم ئەو سەرۆک و سەرکردە سیاسیانەی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن سەردانی شاری سلێمانیش دەکەن و بە گرنگییەوە لێی دەروانن.
وتیشی، “سەردانی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، بە مەبەستی ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکە لەگەڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان”.
ئاماژەی بەوەشدا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەمیشە هێزێکی کاریگەر بووە لە گۆڕەپانی سیاسیی هەرێمی کوردستان و عێراقدا و رۆلێكی کاریگەری بۆ پاراستنی گیانی یەکریزی بینیوە و هەوڵی داوە کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد چارەسەربکات.