پۆلیسی راپەڕین وردەکاریی رووداوی خنکاندنی ئاسیا ئەشرەف ئاشکرادەکات

پۆلیسی راپەڕین ئاشکرایدەکات، ئاسیا ئەشرەف ئەو کچەی ئێوارەی رابردوو لە چەمی خاسدا خنکاوە، رووداوەکە تاوانکاری بووە و دوو کەسیش بەو تۆمەتە دەستگیرکراون.

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ”دوێنی کاتی ئێوارە ژنێک بەناوی (ن،ع،ا) تەمەن 39 ساڵ دانیشتووی شاری هەولێر کە پێشتر بەسەردان هاتووەتەوە بۆ ماڵی باوکی لە شاری قەڵادزێ، دوای دیارنەمانی زڕ کچەکەی سەردانی بنکەی پۆلیسی راپەڕينی کردووە و هەواڵیدا بەوەی دیارنەماوە ونبووە، دەستبەجێ هێزەکانمان لە قەزای پشدەر دوای گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی دەستیان کرد بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر دیارنەمانی کچەکە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، ”لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوون، دەرکەوت کە ونبوونی کچەکە گوماناوییە، دوای چوار کاتژمێر بەسەر هەواڵی ونبوونی هێزەکانمان خوشکێکی باوەژنی تاوانلێکراویان دەستگیرکرد کە ناوی (ه،ع.ا) تەمەن 15 ساڵە و دانیشتوی قەڵادزێیە، دوای ئەوەی لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کرا لەبەردەمی پۆلیس و دادگا دانی ناوە بەوەی کە پێشنیوەڕۆی دوێنی لەسەر راسپاردەی خوشکەکەی بە مەبەستی خنکاندنی کچە تەمەن 11 ساڵانەکە لەماڵی خۆیان بردوویەتی بۆ زێی بچووک لە خاس، بە گەیشتنیان بۆ ئەو شوێنە لە قەراغ ئاوەکە پاڵی بە کچەکەوە ناوە بەمەبەستی خنکاندنی و بەو هۆیەشەوە خنکاوە، دانی ناوە بەوەشدا کە ئەم تاوانەی ئەنجامداوە بەقسەی خوشکەکەی بووە کە دەکاتە باوەژنی کچە تەمەن 11 ساڵانەکە، پێشتریش چەند جارێک هەوڵی کوشتنی ئەو کچەیان داوە، بەڵام هەوڵەکانیان شکستی هێناوە”.

هەر لە راگەیەندراوەکەی پۆلیسیدا هاتووە، “بە وتەی باوکی کچە خنکاوەکە کە دانیشووی شاری هەولێرە کاتێک کچەکە تەمەنی تەنها شەش مانگ بووە هەڵیگرتووەتەوە و بە یاسا کردوویەتی بە کچی خۆی و کاتێکیش منداڵەکە تەمەنی بووە بە هەشت ساڵ، باوکەکە هاوسەرگیری لەگەڵ باوەژنەکە کردووە لە ئێستاشدا سکاڵای هەیە لە دژی ژنەکەی و خوشکی ژنەکەی”.

ئەمڕۆ پێنجشەممە تەرمی ئاسیا ئەشرەف لە ئاوی خاس لەلایەن هێزە ئەمنییەکان دۆزرایەوە و بەڕێکرا بۆ پزیشکی دادوەری بەمەبەستی ئەنجامدانی توێکاری پزیشکی بۆ تەرمەکەی، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کرایەوە، هەردوو تۆمەتبار کە هەردووکیان خوشکن بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عیراقی راگیراون و لێکۆڵینەوەش لە رووداوەکە بەردەوامە.

بابەتی پێشتر

ئەلۆنسۆ لە ئەڵمانیا ناڕوات

بابەتی دواتر

قەتەرییەکان "ڤیتۆ"ی کانتۆنا دەکەن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share