نهێنیی پاراستنى جەستەیەکى جوان و پڕ وزە بەبێ ئەوەى روو لە هۆڵێکى وەرزشى بکەین بریتییە لە ئەنجامدانى چالاکییەکى جەستەیى کە خواستت لەسەرى بێت، لەگەڵ هەندێک هەڵسوکەوتى دیکەى رۆژانە.
کاتێک کەسانێک دەبینیت کە جەستەیەکى رێک و تەندروستیان هەیە، رەنگە یەکسەر مێشکت بۆ ئەوە بچێت کە لە یەکێک لە هۆڵەکاندا وەرزش دەکات، یاخود خوى راکردنى بەیانیانى هەیە، بەڵام بەپێى ئەو راپۆرتەى لە سایتى “Daily Motivation News” بڵاوکراوەتەوە، لە راستیدا زۆرێک لەو کەسانە خوازیارانى وەرزشکردن نین، بەڵکو ئەوانەن کە پارێزگارى لە هەشت هەڵسوکەوتى رۆژانە دەکەن بۆ بە جوانى و تەندروست هێشتنەوەى جەستەیان، کە ئەمانەن.
– خواردنەوەى پەرداخێک ئاو بەیانیان، کە شێدارکردنەوەى جەستە و ئاسانکردنى هەرسکردنى خۆراک و سووتاندنى کالۆری بە درێژایى رۆژت پێدەبەخشێت.
– چالاکیی کورتى جەستەیى، ئەنجامدانى هەندێک جوڵەى کەم وەک بەکارهێنانى پلیکانە لەجیاتى بەرزکەرەوە، یان راگرتنى ئۆتۆمبێل لە شوێنێکى دوور لە نووسینگە یان شوێنى کار.
– خەوتن، کە تەنها پشوودان و بوژانەوەت پێنابەخشێت، بەڵکو بەشێکى سەرەکییە بۆ پارێزگارى لە تەندروستیی جەستە بەهۆى چارەسەرى خانە لەناوچووەکان، بەهێزکردنى سیستمى بەرگرى، سەرلەنوێ پڕ وزە بوونەوە، رێکخستنى هۆرمۆنەکانى برسێتى.
– هەڵبژاردنى زیرەکانەى خواردن، زۆر گرنگە مرۆڤ بزانێت چۆن جەستەى بە جۆرى گونجاوى خۆراک پڕ وزە دەکات، لە خواردنى خۆراکى تەواو لەجیاتى دەستکرد و زۆر خواردنى سەوزە و میوە.
– گرنگیدان بە تەندروستیی دەروونى، لەڕێى چالاکیی وەک یۆگا یان نووسینەوەى رۆژانە یان تەرخانکردنى چەند خولەکێکى رۆژانە بۆ هەناسە وەرگرتن و دانەوە و پشوودان.
– گوپێنەدان، زۆرن ئەو کەسانەى بەردەوام سەرقاڵى ژمارە و بڕى هەنگاوەکان و بڕى کالۆرى دەدەن، بەڵام کەسانێک هەن کە گوێیان بۆ جەستەیان هەڵخستووە و گرنگى بە ژمارەکان نادەن.
– جێگیربوون، جێگیربوون لەسەر چالاکیی جەستەیى سادە زۆر گرنگترە لە بەدەستهێنانى گۆڕانکاریى خێرا و بنەڕەتى لەڕێى چالاکیی لەنێو هۆڵەکان، بۆ ئەوان هەڵسوکەوتى رۆژانەى کەم و بەردەوام و درێژمەودا گرنگە.
– چێژوەرگرتن لە رۆتینى رۆژانە، نهێنیی بە جوانى و تەندروست هێشتنەوەى جەستە بەبێ چوونە هۆڵى وەرزشى، خۆى لە جۆرێک لە چالاکیی جەستەییدا دەبینێتەوە کە خودى کەسەکە چێژى لێوەربگرێت، بەوەش ئەگەر کەسەکە حەزى پێبوو نابێتە چالاکییەکى دووبارە و بێزارکەر، رۆژانە هەم چێژى لێوەردەگرێت هەم دووبارە و چەند بارەى دەکاتەوە و دەبێتە رۆتینى رۆژانەى و بەگەڕموگوڕییەوە ئەنجامیدەدات.