بەڕێوەبەری بازرگانیی هەرێم رایگەیاند، فۆڕمی خۆراکی هاوڵاتییان دەکرێت بە ئەلیکترۆنی و بە چەند قۆناغێک دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
نەوزاد شێخ کامیل بەرێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێم رایگەیاند، بەمەبەستی کارئاسانیکردن بۆ هاوڵاتییان فۆڕمی خۆراک دەکرێتە ئەلیکترۆنی و هەر هاوڵاتییەک لە هەر شوێنێکی هەرێم بێت دەتوانێت سوودمەندبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، پرۆسەکە بە سێ قۆناغ جێبەجێدەکرێت، سەرەتا بریکارەکانی خۆراک و ئارد لە رێگای گروپێکی تێلەگرامەوە بەیەکەوە دەبەسترێنەوە، دواتر ئاپێکیان بۆ رەوانەدەکرێت، کە هەم ئەوان و هەم هاوڵاتییانیش دەتوانن لای خۆیان دایبەزێنن.
ئاشکراشیکرد، لە رێگای ئەو ئاپەوە هاوڵاتیی دەتوانێت هەموو مامەڵەکانی ناو زیادکردن کوژاندنەوە یان گواستنەوە ئەنجامبدات، بێئەوەی ناچاربێت روو لە بەڕێوەبەرایەتیی و فەرمانگە پەیوەندیدارەکان بکات، بەمەش هەم کات هەم تێچوو بۆ هاوڵاتیی دەگەڕێتەوە.