ماوەی هەشت رۆژە ئاڤێستا یوسف لە رووباری تەنگاتوور لە سنووری مێرگەسۆر خنکاوە و تا ئێستا نەتوانراوە تەرمەکەی بدۆزرێتەوە.
کاروان میراودەلی بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، تا ئەم کاتە لەناو ئاودا ماوینەتەوە و گەڕان بەدوای تەرمی ئاڤێستا یوسف بەردەوامە، بەڵام نەتوانراوە بدۆزرێتەوە.
وتیشی، سروشتی ئاوی رووباری تەنگاتوور وایە، لە ماوەی هەفتەیەک بۆ 10 رۆژ تەرم تێیدا سەرئاودەکەوێت، بۆیە بە هیواین لەم چەند رۆژەدا تەرمەکەی سەرئاو بکەوێت و بیدۆزینەوە.
هەینی رابردوو ئاڤێستا یوسف لەگەڵ خێزانەکەیدا لە شاری هەولێرەوە بەمەبەستی گەشت و سەیران روویان لە سنووری مێرگەسۆر کردبوو، دوای ئەوەی براکەی کەوتبووە ئاوی رووباری تەنگاتوور رزگاریکرد، بەڵام خۆی لە ئاوەکەدا خنکا.