کاپتنی هەڵبژاردەی ئەرمینیا: لە جەنگ نیم و یاریدەی وڵاتەکەم دەدەم

یاریزان و کاپتنی هەڵبژاردەی ئەرمینیا، فارازدات هارویان ڕەتیدەکاتەوە پەیوەندی بە سوپای وڵاتەکەیەوە کردبێت، بەڵام لەهەمان کاتدا دووپاتیدەکاتەوە، کە هەموو هەوڵێکدەدات یاریدەی سوپای ئەرمینیا بدات لە دژی ئازەربایجان.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەنگۆی پەیوەندیکردنی فارازدات هارویانی بەرگریکاری هەڵبژاردەی ئەرمینیا بڵاوبووەوە بە سوپای وڵاتەکەیەوە، بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی سوپای ئازەربایجان لە هەرێمی قەرەباغ.

لەم بارەیەوە یاریزانەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام پۆستێکی کردووە و نوسیویەتی، ” ئەو هەواڵانەی ئاماژەیان بە بوونی من کردووە لە ناوچەی جەنگ، دوورن لە ڕاستییەوە، ئێستا لە ڕووسیام و بەم نزیکانە دەگەڕێمەوە بۆ ئەرمینیا، بەهەرحاڵ، منیش وەک هەر هاوڵاتییەکی ئەرمینی پاڵپشتی سوپای وڵاتەکەم دەکەم و لەگەڵ هاوڕێکانم لە هەڵبژاردەی نیشتیمانی سندوقی کۆمەکمان تەرخانکردووە، کە بەلایەنی کەمەوە هەندێک لە پێداویستییەکانی سوپای وڵاتەکەم دابیندەکات، لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا پێویستە هەموو ئەرمینییەکان یەکگرتبووبن بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە ناهەموارە”.

هارویانی تەمەن 28 ساڵ تاوەکو ئێستا 51 یاری بۆ هەڵبژاردەی ئەرمینیا کردووە، لە چەند هەفتەی ڕابردوودا پەیوەندی لەگەڵ یانەی ئوڕاڵ یکاتیرنبێرگی ڕووسی پچڕاند و بڕیاربوو پەیوەندی بە یانەی ئەتلەتیکی ئینۆسی لاریسای یۆنانییەوە بکات.

یانە یۆنانییەکە لە ماڵپەڕی فەرمییەوە و لە زاری ئەلێکسیز کۆویاسی لێپرسراوی کارەکانی هارویانەوە بڵاویانکردووەتەوە، کە یاریزانەکە تەواوی دانوستاندنەکانی بۆ پەیوەندیکردن بە خولی یۆنان ڕاگرتووە و بڕیاریداوە بۆ پاڵپشتیکردنی سوپای ئەرمینیا وەک سەربازێک شەڕی قەرەباغ بکات.

قەرەباغ ناوچەیەکی چوار هەزار و 800 کیلۆمەتریی نێوان وڵاتی ئازەربایجان و ئەرمینیایە، دانیشتوانی هەرێمەکە ئەرمەنین و ماوەی 30 ساڵە قوربانی دەدەن لە ناکۆکییەکانی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینا، بە جۆرێک تاوەکو ئێستا زیاتر لە 35 هەزار کەس لە جەنگی درێژخایەنی نێوان دوو وڵاتەکەدا بوونەتە قوربانی.

بابەتی پێشتر

ئەمشەو یاری لوتکە دەکرێت؟ یوڤی ئامادەیە و ناپۆلی نەجوڵاوە

بابەتی دواتر

جەنگی ڕاگەیاندنی نێوان بەڕێوبەر و ڕاهێنەری پاریس کۆتاییەکی خراپی دەبێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share