شارەوانیی سلێمانی، رایگەیاند، “ئەو جەمپانەی لە گەڕەک و شەقامەکاندا دانراون پێویستە لەماوەی هەفتەیەکدا لاببرێن”.
سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی، لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، پاڵپشت بە رێنماییەکانی قائیمقامیەتی پارێزگای سلێمانی دانانی جەمپ لەناو گەڕەکەکاندا و لەسەر موڵکی گشتی هیچ مۆڵەتێکی یاسایی نییە و رێگەپێدراو نییە، لەبەرئەوەی هۆکارێکە بۆ زیانگەیاندن بە تەندروستیی جگەرگۆشە ئازیزەکان و ئازاردانیان بەهۆی ئەو رووداوە نەخوازراوانەی لێیدەکەوێتەوە، سەرباری ئەوەش ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزەکانی بەهار و هاوین، دیاردەی دانانی جەمپ لەناو گەڕەکەکانی شاری سلێمانی بەردەوام روو لەهەڵکشان دەکات.
باس لەوەشدەکات، “ئاگاداری خاوەن جەمپەکان دەکەین لەماوەی هەفتەیەکدا زیادەڕەوییەکانیان لاببەن، بەپێچەوانەوە پاش تێپەڕاندنی ئەو ماوەیە و لە ئەگەری پابەندنەبوون بەم ئاگادارییەوە، بەشی لابردنی زیادەڕەویی شارەوانی هەڵدەستێت بە لابردن و تێکدانی ئەو جەمپانەی جێگیرکراون”.