میدیا جیهانییەکان بڵاویانکردەوە، ژمارەی گیانلەدەستدان لە بومەلەرزەکەی میانمار، سێ هەزار و 300 کەسی تێپەڕاند.
بەگوێرەی نوێترین زانیاریی میدیا جیهانییەکان، ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بومەلەرزەکەی هەفتەی رابردووی میانمار، گەیشتووەتە سێ هەزار و 354 کەس و چوار هەزار و 850 کەسی دیکەش برینداربوون.
ئامارەکان باسلەوەدەکەن، تائێستا بێسەروشوێنبوونی 220 کەس بەهۆی بومەلەرزەکەوە پشتڕاستکراوەتەوە، بەڵام تیمەکانی فریاکەوتن و میدیاکانی ئەو وڵاتە دەڵێن، ژمارەکە زۆر لەوە زیاترە.
رۆژی 28/3/2025، بومەلەرزەیەک بەگوڕی 7.7 پلەی رێختەر ناوەندی وڵاتی میانماری هەژاند، کە بە یەکێک لەو بومەلەرزانەی سەدەی 21 دادەنرێت، کە زۆرترین زیانی گیانیی لێکەوتبێتەوە.