سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان: دیارنەمانی ژمارەیەک هاوڵاتیی هەرێم لە قەتەر ئەسڵ و ئەساسی نییە

بەکر عەلی سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی هەرێم رایگەیاند، دیارنەمانی ژمارەیەک پەنابەری کوردی بەریتانیا لە فڕۆکەخانەی دەوحەی قەتەر دوورە لە راستییەوە و ئەسڵ و ئەساسی نییە.

 

بەکر عەلی بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، “لەدوای ئەوەی دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە 75 هاوڵاتیی هەرێمی کوردستان لە گەڕانەوەیان لە بەریتانیاوە لە فڕۆکەخانەی دەوحە لە قەتەر دیارنەماون، راستەوخۆ بەدواداچوونمان کرد، پەیوەندییمان بە لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە کرد و بۆمان دەرکەوت بابەتەکە هیچ ئەسڵ و ئەساسێکی نییە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “لە چەند رۆژی پێش جەژنەوە هەتا ئەمڕۆ هیچ کەسێک پەیوەندی بە ئێمە نە بە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم لەسەر ئەو پرسە نەکردووە و داوای هاوکاریی نەکردووە، بۆ مەگەر ئەو 75 کەسەی کە دەوترێت ونبوون هەموویان بێکەسن کەس لە هەواڵیان نەپرسێت؟”.

لای خۆیەوە سەرچاوەیەک لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، لەدوای وەستانی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی و تورکیا، هێڵی ئاسمانیی قەتەری بووەتە جێگرەوەیەکی باش بە تایبەت بۆ گەشتەکانی نێوان ئەوروپا و سلێمانی، بە دڵنیاییشەوە سەرجەم گەشتەکانی نێوان ئەو دوو فڕۆکەخانەیە بە هاتن و چوونەوە لە لاپەڕە سەرەکییەکانی فڕۆکەخانە بڵاوکراونەتەوە.

ئاشکراشیکرد، سەرجەم گەشتەکانی نێوان دەوحە-سلێمانی لە کاتی خۆیاندا بێدواکەوتن ئەنجامدراون و هیچ کێشە و گرفتێک لە ئارادانییە، ئەو دەنگۆیانەی بڵاویشکراونەتەوە ناڕاستن و بۆ لێدانە لە هێڵی ئاسمانیی قەتەری و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی.

 

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

گەرمیان.. ئۆتۆمبێلێك وەرگەڕا و شۆفێرەكەی برینداربوو

بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی گەرمیان رایدەگەیەنێت، لەسەر رێگای كەلار- دەربەندیخان ئۆتۆمبێلێك وەرگەڕا و بەهۆیەوە شۆفێرەكەی برینداربوو. بەپێی راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی…
Total
0
Share