وەزارەتی تەندروستی پلان و رێنماییەکانی جەژنی بڵاوکردەوە

وەزارەتی تەندروستیی هەرێم پلان و ئامادەکارییەکانی بۆ رۆژانی جەژنی رەمەزان بڵاوکردەوە کە ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، سۆران، گەرمیان، راپەرین، زاخۆ و کۆیەی کردووە.

وەزارەتی تەندروستی دەڵێت، لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و بەمەبەستی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی لە رۆژانی پشووی جەژنی رەمەزانی پیرۆز، کاری پێویست ئەنجامبدەن بە جێبەجێکردنی ئەم رێکارانەی خوارەوە:

  1. دانانی لیژنەی بەدواداچوون لەسەرجەم بەڕێوەبەرایەتیی گشتی و نەخۆشخانەکان.
  2. بۆ هەرکارێکی پێویست و لەناکاو پێویستە هێڵی گەرمی پەیوەندی هەبێت.
  3. لە کاتی پێویستدا کۆگاکانی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی و تاقیگەیی لەسەرجەم شار و شارۆچکەکان کراوە دەبن.
  4. پابەندبوونی پزیشکانی پسپۆڕ و نیشتەجێی دێرین و خولاو و پەرستار و کارمەندانی تەندروستی بە دەوامی ئێشکگری.
  5. هاتنەژوورەوەی راگەیاندن تەنها لەڕێگای راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیەکان دەبێت.
  6. ئاماری رۆژانە دەبێت لە ماوەی 24 کاتژمێر لە ڕێگای پەیوەندیی مۆبایلەوە لە 8ی بەیانی تاوەکوو 8ی بەیانیی رۆژی دوایی رەوانەبکرێت بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان.
  7. رۆژانە فۆرمی تایبەت بە ئامارەکان رەوانە بکرێت بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان.
  8. ئامادەباشی بۆ ئەمبولانس و دابینکردنی گاز و بەنزین بکرێت.
  9. بەدواداچوونی بەردەوام بۆ پرۆژەکانی خاوێنکردنەوە و دابینکردنی خۆراك بکرێت.
  10. هێڵەکانی مۆبایلی بەرپرس و (مستلم)ی بەشەکان کراوەبێت، وەڵامبدرێتەوە.
  11. نەخۆشخانەکانی فریاکەوتن و نۆرینگە دەرەکییەکان کراوەبن و هەموو سەردان و زانیارییەکانی تایبەت بە نەخۆش تۆماربکەن.
  12. سەنتەرەکانی پێدانی چارەسەری کیمیاوی بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە پێویستە بە شێوەی ئێشکگری کراوەبن.
  13. سەنتەرەکانی شوشتنی گورچیلە پێویستە بە شێوەی ئێشکگری کراوەبن.
  14. تیمەکانی فریاگوزاری و هێڵی 122بەردەوامدەبن لە ئەرك و کارەکانیان بە شێوەی 24 کاتژمێری وە هۆبەی پزیشکی فریاکەوتن خشتەی دابینکردنی تیمەکانی دادەنێت بۆ شوێنەکانی پێویست و گەشتیاری.
  15. خزمەتگوزاریی بانکی خوێن بە شێوەی ئێشکگری 24 کاتژمێری کراوەبێت.
  16. تیمەکانی (پشکنینی ئاوی خواردنەوەی ماڵان و نەخۆشییە گوازراوەکان و چاودێریی تەندروستی) بەردەوامدەبن لە بەدواداچونەکانیان بەشێوەی ئێشکگری.
  17. پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی بۆ ئاوارەکان لە کەمپەکان بەردەوامدەبێت.
  18. تیمی تەندروستی لە شوێنە گەشتیاریەکان دابنرێت بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی بۆ باری لەناکاو.

 

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share