بۆچی رێکەوتی رۆژی جیهانیی دایک بەپێی وڵاتان جیاوازە؟

رۆژی جیهانیی دایک، بۆنەیەکی ساڵانەیە کە لە چەند رۆژی جیاوازدا، لە ناوچە جیاجیاکانی جیهان بەڕێوەدەچێت بۆ رێزلێنان و قەدرزانیی دایکان.

ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی رۆژی دایک لە سەدەی بیستەمدا سەریهەڵدا، وەک رێزێک بۆ رۆڵی دایکان لە پەروەردەکردنی منداڵ و کاریگەرییان لە کۆمەڵگاکانیاندا؛ رۆژی دایک لە وڵاتانی عەرەبیدا بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی، دەکەوێتە رۆژی 21ی ئازاری هەموو ساڵێکەوە، بەڵام ئەم رۆژە، لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە جیاوازە.

لە ئەمریکا بیرۆکەی رۆژی دایک لەلایەن نوسەری ئەمریکی جولیا وارد هۆوی پەرەی پێدراوە، کە ساڵی 1872، پێشنیاری بەڕێوەچوونی ئەم بۆنەیەی کرد، بە ئامانجی ئەوەی دایکان بتوانن لەو کاتەدا بەشداریی رێپێوانی ئاشتی بکەن بۆ داواکردنی مافەکانیان.

لە ساڵی 1908، کۆمەڵێک دایک بە سەرۆکایەتیی چالاکوان ئانا جارڤیس، هەڵمەتێکیان رێکخست بۆ ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی رۆژی دایک لە دووەم یەکشەممەی مانگی پێنجدا، کە هاوکاتبوو لەگەڵ ساڵیادی کۆچی دوایی دایکی ئەو چالاکوانە، ئەم بانگەوازە لەلایەن زۆرێک لە ویلایەتەکانی ئەمریکاوە قبوڵکرا و دواتر لە ساڵی 1914، ودرۆو ویڵسن، سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمریکا بەفەرمی دووەم یەکشەممەی هەموو مانگێکی پێنج-ی وەک رۆژی جیهانیی دایک ناساند.

لەبەرئەوەی لە ئەمریکا رۆژی دایک لە دووەم یەکشەممەی مانگی پێنجدایە، وادەی ئاهەنگەکەی لە ساڵێکەوە بۆ ساڵێکی تر جیاوازە.

ئەو وڵاتانەی بەپێی ساڵنامەی ئەمریکی یادی بۆنەکە دەکەنەوە بریتین لە (ئوسترالیا، نەمسا، بەلجیکا، بەنگلادیش، چین، کەنەدا، کۆڵۆمبیا، بەرازیل، کرواتیا، ئیکوادۆر، ئیستۆنیا، فینلاند، ئەڵمانیا، یۆنان، هیندستان، ئیتاڵیا، ژاپۆن، لاتڤیا، مالیزیا، ماڵتا، فلیپین، ئەفریقای باشوور، سویسرا، تایوان، هۆڵەندا، تورکیا، ڤەنزوێلا و زامبیا).

بەریتانیا هەموو ساڵێک، لە کۆتا یەکشەممەی مانگی سێ-دا، یادی رۆژی دایک دەکاتەوە، کە بە (یەکشەممەی دایکایەتی) ناسراوە، پاشخانی مێژوویی ئەم بۆنەیە لە بەریتانیا، هیچ پەیوەندییەکی بە دایکانەوە نییە، بەڵکو مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی شانزەهەم و پەیوەندیی بە مەسیحییەکانەوە هەیە، کە لە جەژنی ئیستەردا، سەردانی کڵێسای دایک دەکەن.

نەرویج تاکە وڵاتی جیهانە کە لە مانگی دوودا، بەدیاریکراوی لە دووهەمین یەکشەممەی ئەو مانگەدا، یادی رۆژی دایک دەکاتەوە؛ فەرەنساش هەموو ساڵێک، لە یەکەم یەکشەممەی مانگی شەشدا، یادی دایک دەکاتەوە.

لە وڵاتانی عەرەبیدا، میسر یەکەم وڵات بوو کە لە 21ی ئازاری 1956 یادی رۆژی دایکی کردەوە، ئەمەش دوای ئەوەی دایکێک سەردانی رۆژنامەنووس عەلی ئەمین و براکەی کرد لە ئۆفیسەکەیان لە رۆژنامەی (اخبار الیوم) لە میسر، چیرۆکی خۆی بۆ گێڕانەوە کە بێوەژن بووە و لەگەڵ منداڵە بچوکەکانی ژیاوە، هەرگیز هاوسەرگیریی نەکردووە تا ئەوکاتەی لە زانکۆ دەرچووە و خۆی بژێویی ژیانی پەیداکردووە، بەڵام پاش گەورەبوونیان، بەتەواوی دایکیان پشتگوێ خستووە و وازیان لێیهێناوە.

عەلی ئەمین و مستەفا ئەمین-ی برای، پاش بیستنی چیرۆکی ئەم دایکە، پێشنیاریان کردووە هەمان رۆژ کە دایکەکە سەردانی کردوون، بکرێتە رۆژی دایکان، دواتر لە زۆرینەی وڵاتانی عەرەبی کار بە هەمان رێکەوت کرا.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share