سبەی شاندی حكومەتی هەرێم دەچێتە بەغداد

ئاڵای عێراق و كوردستان

بڕیارە سبەی شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغداد بكات و سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكومەتیش لە شارەكە دەڵێت، شاندەكە لەگەڵ لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران كۆدەبێتەوە.

فارس عیسا، سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغداد ئەمڕۆ شەممە 23ی كانونی دووەم بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، سبەی شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەگاتە بەغداد و ئێوارەی هەمان ڕۆژ لەگەڵ لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كۆدەبێتەوە.

وتیشی، “شاندەكە بە سەرۆكایەتی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم و بە بەشداری ژمارەیەك وەزیر و بەرپرسی حكومی دەبێت”.

فارس عیسا ئەوەشی خستەڕوو، شاندەكە لەگەڵ لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران تاوتوێی پشكی هەرێم لە پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021 دەكەن.

فارس عیسا، سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێم لە بەغداد

ڕۆژی پێنجشەممە دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە هەفتەی داهاتوودا دوو شاندی هەرێمی کوردستان دەچێتە بەغداد یەکێک لە شاندەکان سیاسی و ئەوی دیكەیان حکومی دەبێت.

بڕیارە شاندی سیاسی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و بە بەشداری بەرپرسانی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان و چەند لایەنێكی دیكە بێت، وەك ئەوەی وەزیری پلاندانانی هەرێم ئاماژەی پێدا.

دەربارەی وادەی سەردانی شاندە سیاسییەكەی هەرێم بۆ بەغداد فارس عیسا وتی، “بڕیارە سەردانی ئەو شاندە پاش سەردانی شاندە حكومییەكە بێت، بەڵام ئاگاداری وادەكەی نیین”.

سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەشكرد، گفتوگۆ و دانوستاندنەكانمان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و بڕیاربەدەستان لە بەغداد بەردەوامن بۆ تێپەڕاندنی شایستەكانی هەرێم وەك ئەوەی لە پرۆژەیاسای بودجەدا هاتووە، ئەگەرچی تێبینیمان هەیە و تەواوی خواستەكانمان لەخۆناگرێت.

 

بابەتی پێشتر

عێراق زیاتر لە یەک ملیار بەرمیل نەوتی لە ساڵی 2020دا هەناردەکردووە

بابەتی دواتر

فەرماندەی هێزەکانی حەفتا: ئەمیرێکی داعش لە گەرمیان کوژرا

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

خۆپیشاندان دەستپێدەکاتەوە

سبەینێ مامۆستایان و مووچەخۆران لە 13 شوێنی هەرێمی کوردستان، بۆ داواکردنی مووچەکانیان دەست بە خۆپیشاندان دەکەنەوە. عادل حەسەن،…
Total
0
Share