عێراق جێگرەوەی ئێرانی بۆ هاوردەکردنی غاز دیاریکرد

عێراق سەرقاڵی دانوستانە لەگەڵ جەزائیر بۆ رێککەوتن لەبارەی هاوردەکردنی غازی سروشتی لەو وڵاتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسی “تاقە”ـی عەرەبیی راگەیاند، پێشبینی دەکرێت گرێبەستەکە لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا رابگەیەندرێت و بڕیارە هەر کە عێراق ئامادەبوو، هەناردەکردن دەستپێبکات.

دەشڵێت، ماوەی گرێبەستەکە و بڕی غازی هاوردەکراو تائێستا دیارینەکراوە، بەڵام رەنگە گرێبەستەکە بۆ ماوەیەکی کەم نەبێت و پێشبینیش دەکرێت، ساڵانە بڕی نزیکەی یەک ملیۆن تۆن غاز هاوردەبکرێت.

بەپێی میدیا عێراقییەکان، لەئێستادا بەغداد سەرقاڵی ئامادەکردنی ژێرخانی بەندەری خۆر ئەلزوبەیرە لە پارێزگای بەسرە، بۆ هاوردەکردنی غازی سروشتیی شل، کە ئەگەری هەیە سێ بۆ پێنج مانگی داهاتوو ئامادەبێت.

پێشتر سەعد جاسم، بەڕێوەبەری گشتیی سووتەمەنی لە وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاندبوو، عێراق سێ رێگەی لەپێشە بۆ جێگرتنەوەی غازی ئێران؛ یەکەم، هاوردەکردنی غاز لەرێگای قەتەرەوە، بەوپێیەی وڵاتەکە بەرهەمهێنەرێکی گەورەی غازە لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا و رەزامەندیی لەسەر هاوکاریکردنی عێراق دەربڕیوە. دووەم، هاوردەکردنی غاز لەرێگای عومانەوە، سێیەمیش دابینکردنی بڕێکی دیکەی غازە لەرێگای وڵاتی تورکمانستانەوە.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share