واشنتن هۆشداری توند بە بەغداد دەدات

لەمیانەی پەیوەندییەكی تەلەفۆنی نێوان وەزیری بەرگری ئەمریكا و سەرۆك وەزیرانی عێراقدا، لەبارەی دەستتێوەردانی گروپە چەكدارەكانەوە هۆشداریی توند بە محەمەد شیاع سودانی دراوە.

بەپێی چەند سەرچاوەیەك لە كۆشكی سپی ئەمریكاوە، پاش ئەوەی پیت هێگسێس، وەزیری بەرگری ئەمریكا لە پەیوەندییە تەلەفۆنیدا لەبارەی چەند پرسێكی ئەمنی و نێودەوڵەتییەوە لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی گفتوگۆی كردووە، هۆشداری توندی واشنتن بە سەرۆك وەزیرانی عێراق گەیاندووە.

ئاماژە بەوەشكراوە، وەزیری بەرگری ئەمریكا، سەرۆك وەزیرانی عێراقی لە هەر وەڵامدانەوە و دەستتێوەردانێكی گروپە چەكدارەكانی عێراقی ئاگاداركردووەتەوە و هۆشداری داوە لەوەی ئەگەر بێت و هێرش بكرێتە سەر هێزەكانیان ئەوا گورزی كوشندەیان بەردەكەوێت.

ئەوەش ئاشكراكراوە، پێویستە سەرۆك وەزیرانی عێراق بە شێوەیەكی دروست لەگەڵ گروپە چەكدارەكانی وڵاتەكەی كار بكات و رێگری بكات لەوەی بەهیچ شێوەیەك دەست لە كاروبارەكانی واشنتن وەرنەدەن و هەر هەڕەش و هێرشێك لەژێر هەر بیانوویەكدا بكرێتە سەر هێزەكانیان وەڵامی سەربازی خێرایان بۆ ئەو چەكدارانە دەبێت.

جەخت لەوەشكراوەتەوە، دەبێت پرسی چەكداماڵینی گروپە چەكدارەكانی عێراق بەخێرایی جێبەجێبكرێت و بەبێ دوودڵیش كار لەسەر هەڵوەشاندنەوەیان بكرێت، هەروەها ئیدارەكەی ترەمپیش دەیانەوێت بە خێرایی ئەم پرسە یەكلا بكرێتەوە و چیدیكە پشتگوێ نەخرێت.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share