ئەو جوتیارە کوردەی سەربازێکی عێراقی بە ملپێچەکەی رایکێشا لەسەر سکاڵاى سەربازەکە ئەمڕۆ دادگایی دەکرێت
محەمەد ئەمین، جوتیارە کوردەکەى سەرگەڕان رایگەیاند، لەسەر داوا و سکاڵای ئەو سەربازەی لە 17ى شوبات پەلاماریداوە، دادوەرى دادگاى دوبز داواى ئامادەبوونى کردووە و ئەمڕۆ لە دادگا ئامادەدەبێت.
لە رووداوەکەدا کە لە گوندى شەناغە بوو و دیمەنەکەى دەنگدانەوەى دروستکرد، ژمارەیەک سەربازى سوپاى عێراق رووبەڕووى جوتیارانى کورد دەبنەوە، محەمەد ئەمین کە لەسەر تراکتۆرێک بوو لەلایەن سەربازێکەوە بە ملپێچەکەی خۆی راکێشرا.
پێشتر ئەو جوتیارە رایگەیاند، لە 25ى شوبات کاتێک چووە سکاڵا لەسەر سەربازەکە تۆماربکات، لە دادگا پێیان راگەیاندووە کە پێشتر سەربازەکە سکاڵاى لەسەر ئەو تۆمارکردووە.
ئەوەشى وت، سەربازەکە داوایکردووە کە سزا بدرێم لەسەر ئەوەی گوایە من پەلامارمداوە لە کاتی بەجێهێنانی ئەرکی پیشەیی خۆی.
باسى لەوەشکرد، ”بە پێی داواکەی ئەو من تاوانبارم، رێکارەکانی دادگاش بەجۆرێکن کە بەپێی ئەو ماددەیەی تێیدا من پێی تاوانبارکراوم مافی گشتی تێدایە و رەنگە سەرەڕای دەستگیرکردنم و حوکمدانم، غەرامەش بکرێم لەکاتێکدا کە من زەڕڕەیەک پاشگەزنیم و ئەوەی من بناسێت دەزانێت کە ترس لە گیانی مندا نییە لە بەرامبەر کەیسی بەرگریکردن لە مافی گشتی و جوتیاران”.