دوای ململانێیەکی دورودرێژ لەسەر قەرەباغ، ئەرمینیا و ئازربایجان گەیشتن بە رێککەوتنی ئاشتی.
جیهون بایرامۆف وەزیری دەرەوەی ئازربایجان رایگەیاند، دانووستانەکان لەسەر نووسینەوەی دەقی رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئەرمینا کۆتاییان هاتووە.
لای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەرمینا بڵاویکردەوە، دەقی رێکەوتنەکە ئامادەیە بۆ واژوو کردن، ئێمە ئامادەین بۆ دیاریکردنی کات و شوێنی واژووکردنەکە.
هەرێمی قەرەباغ دەکەوێتە رۆژھەڵاتی ئەرمینیا و باشووری رۆژئاوای ئازەربایجان، لەدوای رووخانی یەکێتیی سۆڤیەت بووەتە ناوچەیەکی جێململانێی نێوان ئەو دوو وڵاتە و هەر یەکێک لەوان هەرێمەکەی بە موڵکی خۆی زانیوە.
هەرچەندە لە رابردوودا چەندین رێکەوتنی دیکە سەبارەت بە ناوچەکە لەنێوان هەردوو وڵات واژووکراون، بەڵام نەتوانراوە ناوچەکە لە جەنگ رزگاربکات.
بەپێی رێکەوتنەکە، قەرەباغ دەبێتە بەشێک لە ئازربایجان، رەنگە پێویستیش بکات ئەرمینیا دەستووری وڵاتەکەی هەمواربکاتەوە.