ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا رایگەیاند، عێراق دەبێت ئاگاداری بڕیارەكانی خۆی سەبارەت بە پرسی هاوردەی غازی ئێران بێت پێش ئەوەی كار لەكار بترازێت.
جۆو وێڵسن، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا لە راگەیەندراوێكدا لەپێگەی فەرمی خۆی لە پلاتفۆڕمی ئێكس بڵاویكردەوە، بەرپرسانی عێراق هێشتا بە ئاشكرا باس لە گواستنەوەی سەرچاوەی وزە لە ئێرانەوە دەكەن و ئەمەش جێگای تێبینی بۆكردەنە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، عێراق تا ئێستا چەندینجار لەلایەن بەرپرسانی واشنتنەوە ئاگاداركراوەتەوە سەبارەت بە رێككەوتنەكانی تایبەت بە پرسی گواستنەوەی سەرچاوەكانی وزە لە تارانەوە و ئێستاش كاتی تێگەیشتنە بۆ ئەو ئاگاداركردنەوە و هۆشدارییانە.
باسی لەوەشكردووە، عێراق لەبەردەم سزای تووندی واشنتدایە و سەردەمی گواستنەوەی سەرچاوەكانی وزەی ئێران و دابینكردنی سەرچاوەی دارایی بۆ ئەو وڵاتە كۆتاییهاتووە.