پۆلیسى ئاکرێ رایدەگەیەنێت، نیوەڕۆى ئەمڕۆ تەرمی ژنێک بە مل و قاچ بەستراوی لە زێی گەورەدا دۆزرایەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسى ئاکرێ رایگەیاند، کاتژمێر 11ى پێش نیوەڕۆى ئەمڕۆ لەلایەن هاوڵاتیانى گوندى زەنگل سەر بە ناحیەى کەڵەک ئاگادارکرانەوە لەبارەى بوونى تەرمى ژنێک لەنێو رووبارى زێى گەورەدا.
دەشڵێت، بە ئامادەبوونى هێزەکانى پۆلیس و بەڵگە و تاوانى بەردەڕەش و بە هاوکارى تیمى مەلەوانیی خەبات تەرمەکە دەرهێنرایەوە و، دیاربوو ژنەکە بە تەلى ئاسن لە مل و قاچەکانیەوە بەستراوەتەوە و خنکێندراوە.
بەهۆى ئەوەى ماوەیەکى زۆر لەناو ئاودا ماوەتەوە، تەرمەکە شێواوە و بەهۆیەوە ناو و ناسنامەى قوربانییەکە نەزانراوە، پۆلیسى ئاکرێ وا دەڵێت.
دەشڵێت، تەرمەکە بۆ پزیشکى دادوەرى هەولێر گوازراوەتەوە بەمەبەستى توێکارى و ئاشکراکردنى ناسنامەکەى.
پۆلیسى ئاکرێ روونیشیکردەوە، بە بڕیارى دادوەر و بەپێى ماددەى 406ى یاساى سزادانى عێراق پەڕاوى لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە.