قائیمقامیەتی سلێمانی: رێگری لە بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتی سوور دەکەین

قائیمقامیەتی سلێمانی رایدەگەیەنێت، “وەک هەوڵێک بۆ رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتی سوور، بردنەدەرەوەی ئاژەڵی زیندوو بۆ ناوەراست و باشووری عێراق قەدەغەدەکرێت”.

قائیمقامیەتی سلێمانی، لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، “لەبارەی بەروبومی ئاژەڵی بچوک لە ناوخۆدا ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی، لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد کە رێگری لە بردنە دەرەوەی ئاژەڵی زیندوو بکرێت بۆ پارێزگاکانی ناوەراست و باشووری عێراق، لەبەرئەوەی ئێستا خواستی هاوڵاتییان لە سەر بەکارهێنانی گۆشتی سوور زیادیکردووە ئەم قەدەغەکردنەش دەبێتە هەنگاوێک بۆ رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخی گۆشت لە بازاڕدا”.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، “بریاردرا بە هەماهەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە پڕکردنەوەی پێداویستیی بازاڕدا پشت بە مریشک و هێلکەی پرۆژەکانی ناوخۆ ببەسترێت، لەبەرئەوەی بەرهەمی پرۆژەکانی ناوخۆی مریشک و هێلکە لە وەرزی بەهاردا بە رێژەیەکی بەرز بەرهەمدەهێنرێت، هەروەها لە چوارچێوەی بڕیار و رێنماییەکانی حکومەتی هەرێم، رێگە بە هاوردەکردنی گۆشت و ئاژەڵی زیندوو، ماسی دەدرێت و هاوردەکردنیان لەمانگی سێ دا کراوە دەبێت”.

بەپێی راگەیەندراوەکە ئەو بڕیارانە لە میانی دوو کۆبوونەوەی ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانیدا هاتووە لەگەڵ لێپرسراوان و نوێنەرانی بەرێوەبەرایەتی و لایەنە پەیوەندیدارەکان، هەردوو لیژنەی دیاریكردنی بەروبومی ئاژەڵی و پەلەوەری و لیژنەی دانانی هاوسەنگیی بەرهەمی سەوزە و میوەدا هاتووە کە ئەمڕۆ سێشەممە بەڕێوەچووە.

باس لەوەشدەکات، “لە کۆبوونەوەی دووەمدا، باس لەو هەنگاوانە کرا کە پێویستە بگیرێنەبەر بۆ دانانی هاوسەنگی لە نێوان بەرهەمی سەوزە و میوەی ناوخۆ و هاوردەکراودا کە لەم وەرزەدا بەرهەمەکانی ناوخۆ بەتەواوەتی پێ نەگەیشتوون بۆیە رێگە دەدرێت هاوردەکردنی چەند جۆرێک سەوزەو میوە بە پێی پێویست کراوە بێت  بە مەرجێک بەشێوەیەکی تەندروست و لەژێر چاودێریدا هاوردە بکرێت”.

بەپێی راگەیەندراوەکەی قائیمقامیەت، “لەکۆتایی کۆبوونەوەی دووەمدا قائیمقامی سلێمانی جەختی لەسەر قەدەغەی هاوردەکردن و ساغکردنەوەی فاسۆلیای تەڕ کرد، کە ئێستا بەهۆی بڵاوبوونەوەی جۆرە نەخۆشییەک تێیدا هاوردەکردنی راگیراوە، هەر بۆیە لیژنەهاوبەشەکانی راسپارد لە هەر شوێنێکی میوە فرۆشیدا بینرا دەستبەجێ دەستی بەسەردا بگرن و لەناوی ببەن”.

 

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

کارەبای سلێمانی ڕەخنەی لە باخچەکان هەیە: داری سەرشەقامەكان هەڵناپاچن و بەفر زیان ‏بە تۆڕی كارەبا دەگەیەنێت

کارەبای سلێمانی ڕەخنە لە بەشی باخچەکانی شارەكە دەگرێت، کە بەهۆی ‏هاوکارینەکردنیان بۆ هەڵپاچین و دوورخستنەوەی درەختەکان لە تۆڕەکانی…
Total
0
Share