د. بڕیار رەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، بەهۆی رێکنەکەوتنی لایەنە سیاسییەکانەوە بە ئەگەرێکی زۆرەوە پەسەندکردنی یاسای نەوت و گاز دەکەوێتە خولی داهاتووی ئەنجومەنەکەوە.
د. بڕیار رەشید بە تۆڕی میدیایی ئێستای رایگەیاند، یاسای نەوت و گاز یەکێکە لەو پرۆژە یاسا گرنگانەی چەند خولێکی پەرلەمانە نەتوانراوە دەنگی لەسەر بدرێت، هۆکاری سەرەکیش نەبوونی رێکەوتنێکی سیاسی بووە لەبارەیانەوە.
وتیشی، ئەگەر یاساکە تێپەڕێندرێت، زۆرینەی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی پەیوەست بە نەوت و گازەوە چارەسەردەبن.
ئاشکراشیکرد، بەپێی ئاماژەکان بەهۆی نەبوونی رێکەوتنی سیاسییەوە پێناچێت لەم خولەی پەرلەمانیش یاساکە تێپەڕێندرێت و دەکەوێتە خولی داهاتوو.