شارەزایەکی ئابوری رایدەگەیەنێت، روسیا بەنیازی بەهێزکردنەوەی پەیوەندییەکانیەتی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا، بەتایبەت لەبواری بەرهەمهێنانی نەوتدا.
سیمۆن واتکینس، سەرمایەدار و شارەزای ئابوری و بازرگانی بڵاویکردووەتەوە، روسیا هەنگاوەکانی بۆ دووبارە وەبەرهێنان لە کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستاندا دەستپێکردووتەوە و ئامادەکارییەکانی بۆ جێبەجێکردنی چەند هەنگاوێکی لەو چوارچێوەیەدا جێبەجێکردووە.
واتکینس ئاماژەی بەوەشداوە، بەهۆی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەو کەمبوونەوەی باڵادەستبوونی روسیا لە سوریادا، وڵاتەکە وەک جێگرەوەیەک دەیەوێت دووبارە ئاستی وەبەرهێنان لە نەوتی هەرێمی کوردستاندا پەرەپێبداتەوە.
ئەو شارەزا ئابورییە ئەوەشی خستەڕوو، هەرێمی کوردستان و روسیا لە ساڵانی رابردوودا پەیوەندییەکی پێشکەوتوویان لە بواری نەوتدا هەبووە، بەو پێیەی لە ساڵی 2017دا، کۆمپانیای رۆزنەفتی روسی چەند رێکەوتنێکی تایبەت بە گەڕان بەدوای نەوتدا لە خاکی هەرێمی کوردستاندا واژوو کرد، هەربۆیە روسیا دەیەوێت دووبارە پەیوەندییەکانی لەبواری نەوتدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەرەپێداتەوە.