پاش ئەو فشارانەی كە بوونە هۆی دەستلەكاركێشانەوەی جەستن ترودۆ-ی سەرۆك وەزیران، پارتی لیبڕاڵی كەنەدا سەرۆك وەزیرانێكی نوێی دیاركرد كە دژایەتییەكی سەرسەختی ترەمپ دەكات.
پارتی لیباڕڵی كەنەدا لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بەزۆرینەی دەنگ و بەڕێژەی %85.9، مارك كارنی وەك رابەڕی پارتەكەیان هەڵبژێردرا و پۆستی سەرۆك وەزیرانی وڵاتەكەش وەردەگرێت.
ئاماژەی بەوەشكردووە، رابەری پارتەكەیان بەیەكێك لە ركابەرە سەرسەختەكانی ترەمپ دادەندرێت و لە نزیكترین كاتیشدا پۆستی سەرۆك وەزیران وەردەگرێت و دۆخی راگوزەر بۆ كەنەدا كۆتایی دێت.
لەلای خۆشییەوە مارك كارنی، سەرۆك وەزیرانی نوێی كەنەدا لە میانەی وتارێكدا كە راستەوخۆ بە هێرشكردنە سەر ترەمپ دەستیپێكرد رایگەیاند، “سەرۆكی ئەمریكا هێرشدەكاتە سەر تەواوی ئەو مێژووەی ئێمە بوونیادمان ناوە، دەیەوێت ئەوەی بەدەست هێندراوە تێكی بدات و سەرلەبەری وێران بكات، ئێمە رێگە بەو كارە نادەین و بە تەواوی هێزی خۆمان رووبەڕووی ئەو بەرژەوەندییە تاك دیدییەی ترەمپ دەبینەوە”.
وتیشی، “سزای توندی بەرهەم، كارساز و تەواوی كۆمپانیاكانی وەبەرهێنانی ئەمریكا لە وڵاتەكەمان دەدەین و باجی زۆریش دەخەینە سەر سنوورە بازرگانییەكانمان لەگەڵ ئەمریكا تا ئەوكاتەی رێز لە سەروەریی وڵاتەكەمان دەگرێت”.