ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان: بارودۆخی ئەمنیی بەغداد جێگیرە

هێزە ئەمنییەكان لە ناوچە جیاوازەكانی بەغداد بڵاوەیان پێكراوە

فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق هەڕەشەی ئەوە دەكات، ئەو كەسانە دەستگیر دەكەن كە “هاوكاریی تیرۆریستەكانیان كردووە بگەنە بەغدادی پایتەخت”.

لیوا تەحسین خەفاجی، وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق لە لێدوانێكیدا بۆ (واع) ئەمڕۆ هەینی 22ی كانونی دووەم ڕایگەیاندووە، “ڕاستەوخۆ پاش تەقینەوەكانی بەغداد زنجیرەیەك ڕێوشوێنی ئەمنی گیراونەتەبەر”.

ئەو بەرپرسە سەربازییە ئەوەشی ئاشكراكردووە، “ئەوەی ڕویدا دزەكردنێكی ئەمنی بوو، كار دەكەین بۆ ئەوەی بگەین بە سەرەداوی ئەو دزەكردنە و ئاشكرای بكەین كێ بوون ئەوانەی هاوكاربوون بۆ گەیشتنی ئەو تیرۆریستانە بەو شوێنە”.

وتەبێژەكەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق ئەوەشی خستوەتەڕوو، “ئەو فشارە گەورەی هێزە ئەمنییەكان خستویانەتە سەر تیرۆریستان كاریگەریی هەیە، بەتایبەت لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ژمارەیەكی زۆریان دەستگیركران و كوژران، ئەو فشارەش وای كردووە هەستن بە كردەیەكی لەو جۆرە”.

خەفاجی ڕاشیگەیاندووە، “بارودۆخی ئەمنیی بەغدادی پایتەخت جێگیرە، هێزەكانمان توانایان هەیە هەر هێرشێك ڕابگرن”.

ئەو بەرپرسە جەختی كردەوە لەسەر ئەوەی، “ئەو كەسانە دەستگیر دەكەن كە هاوكاریی ئەو تیرۆریستانەیان كردووە بگەنە بەغداد”.

“ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش” لە ڕاگەیەندراوێكدا كە لە بەشێكی میدیاكانی سەربە خۆییەوە بڵاویكردووەتەوە ڕایگەیاندووە، یەكێك لە ئەندامەكانی بەناوی “یوس ئەنساری” بە پشتوێنێكی بۆمبڕێژكراوەوە لە گۆڕەپانی تەیەرانی بەغداد خۆی تەقاندووەتەوە.

ڕێكخراوەكە ئەوەشی ئاشكراكردووە، “پاش كۆبوونەوەی خەڵك بەهۆی تەقینەوەی یەكەمەوە، تەقینەوەی دووەمیش بەهەمان شێواز بەدوایدا ئەنجامدراوە لەلایەن یەكێكی دیكە لە ئەندامەكانی داعش بە ناوی محەمەد عارف مهاجر”.

دوێنێ پێنجشەممە 21ی كانونی دووەم، لە گۆڕەپانی تەیەران لە بەغداد دوو تەقینەوەی یەك بەدوای یەك ڕویان دا، بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی عێراق بەهۆی ئەو تەقینەوانەوە 32 كەس كوژران و 110ی دیكەش بریندار بوون.

 

بابەتی پێشتر

سەدان دۆلاری بۆ چارەسەری سەگەكەی سەرفكرد و چاوەڕواننەكراو ڕویدا

بابەتی دواتر

بەهای نەوتی خاو دابەزی

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share