گەورەترین پڕۆژەی وزەی خۆر لەسەر ئاستی وڵاتەکە لە شاری بەسڕە، لەسەر رووبەری نۆ هەزار دۆنم زەوی جێبەجێدەکرێت.
وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، گەورەترین پڕۆژەی وزەی خۆر لە عێراقدا کە دەکەوێتە شاری بەسڕەو لەسەر رووبەری نۆ هەزار دۆنم زەوی جێبەجێدەکرێت.
دەشڵێت، “پڕۆژەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیای تۆتاڵ ئینێرجی فەڕەنسی بە ناونیشانی (خۆری بەسڕە) جێبەجێدەکرێت و پێکدێت لە دوو ملیۆن پانێڵی خۆر کە بەسەر چوار وێستگەی بەرهەمهێناندا دابەشکراون”.
ئاماژەی بەوەشدا، لەرێگای پڕۆژەکەوە دەتوانرێت هەزار مێگاوات کارەبای خاوێن لەرێگای وزەی خۆرەوە بەدەستبهێنرێت و پڕۆژەکە دەبێتە گەورەترینی پڕۆژەی بەرهەمهێنانی کارەبا لەرێگای سوودوەرگرتن لە وزەی خۆرەوە.