ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، ئاسایشی ئەوروپا لە مەترسیدایە و ئەمریکا لەگەڵیاندا نییە.
شەوی چوارشەممە ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا لە وتارێکدا رایگەیاند، لە قەیرانی ئۆکرانیادا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپادا نەبوو، جەختیشیکردەوە، “ئاسایشمان لە مەترسیدایە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەڕەشەکانی روسیا بۆ هەموو ئەوروپا درێژبووەتەوە، لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا روسیا ژمارەی سەربازانی و توانا سەربازییەکانی بەشێوەی بەرچاو بەرزکردووەتەوە، لە دۆخێکی وەهادا ئاسایش بەم نزیکانە بەدی نایەت و لەگەڵ ئەم دۆخەی ئێستادا دەژین.
جەختیشیکردەوە، لە هاوکاریکردنی ئۆکرانیا بەردەوام دەبن، بۆئەوەی بە بەهێزی بچێتە دانووستانی ئاشتییەوە، ئاشتی بە خۆبەدەستەوەدان بەدی نایەت، پلانێکی ئاشتیشیان بۆ ئەو وڵاتە ئامادەکردووە.
ماکرۆن لە درێژەی وتارەکەیدا، ئامادەیی تەواویان بۆ هەر سیناریۆیەک هەیە، لەگەل ئەمریکا و بەبێ ئەمریکا، ئاییندەی ئەوروپا نابێت بەتەنها ئەمریکا بڕیاری لەبارەوە بدات.