د. سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە قسەی بۆ دەنگی ئەمریكا كردووە دەڵێت، “بەپێشبینیی خۆم بەم نزیكانە هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان دەستپێدەكاتەوە و تەنها نووسراوێكی گرەنتی بۆ كۆمپانیاكان ماوە كە وەزیری دارایی یاخود سەرۆك وەزیرانی عێراق بیكات بۆ كۆمپانیاكانی وەبەرهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان”.
راشیگەیاند، لە دوای بڕیاری دادگای فیدڕاڵییەوە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان پەیوەندی بە ناردنی مووچەی فەرامانبەرانەوە نییە، بەڵكو پەیوەندی بە بودجەی هەرێمی كوردستانەوە هەیە و كاریگەری هەیە لەسەر بودجەی خۆمان بۆ بابەتی وەبەرهێنان و خزمەتگوزاری و تەندروستی و خوێندنی باڵا.
وتیشی،”رێككەوتن كراوە ئەو گرێبەستانە دەدرێتە حكومەتی عێراقی، كۆمپانیاكان دانیشتن لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق بكەن و ئامادەن گرێبەستەكان بدەنە حكومەتی عێراقی، بەڵام بەهەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی هەرێم و دەبێت لایەنی سێیەم هەبێت كە پارێزگاری مافەكانیان بكات بێگومان ئەو لایەنەش نێودەوڵەتی بێت”.