وەستانی هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا کاریگەری لەسەر شەڕی ئۆکرانیا دروستدەکات؟

گفتوگۆ توندەکەی کۆتایی هەفتەی رابردووی سەرۆکی ئەمریکا و هاوتا ئەمریکییەکەی لە کۆشکی سپی، تۆمەتبارکردنی سەرۆکی ئۆکرانیا بە “بێڕێزیکردن”، هەڵوەشانەوەی پلانی واژوکردنی رێکەوتنی کانزاکان بە راگرتنی هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ ئۆکرانیا کۆتایی هات.

ئەو پرسیارەی لە دوای ئەم رووداوانە دروستبوون ئەوەیە، بڕیارەکە چ کاریگەرییەکی لەسەر بەرەکانی جەنگ دەبێت؟ کیێڤ چۆن مامەڵە لەگەڵ بڕیاری هاوپەیمانەکەیدا دەکات؟

رۆژی دووشەممە کۆشکی سپی بڵاویکردەوە، ئەمریکا پشتیوانییە سەربازییەکانی بۆ ئۆکرانیا رادەگرێت، ئەمەش وەک گەرەنتییەک بۆ راگەیاندنی ئاشتی لەگەڵ رووسیادا.

بڕیارەکەی ئەمریکا راستەوخۆ لە شەوی دووشەممەوە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، بە شێوەیەک بڕێکی زۆری چەک کە بەهاکانیان سەدان ملیۆن دۆلار بوو و بڕیاربوو رەوانەبکرێن، لەسەر سنور وەستێنران.

بڕیارەکەی ترەمپ بە شێوەیەکە کە راکێشانی پارە لەو 3.85 ملیار دۆلارەی کە بەمەبەستی هاوکاری سەربازی بۆ ئۆکرانیا لە سەردەمی جۆ بایدن بڕیاری لەسەر درابوو راگرت.

لەگەڵ ئەم هەموو هەنگاوانەی واشنتن، حکومەتی کێیڤ رۆژی سێشەممە رایگەیاند، لە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ ئەو وڵاتە بەردەوام دەبن.

لای خۆشییەوە کرملین هەنگاوەکەی ئەمریکای بە باشترین رێگا بۆ گەیشتن بە رێکەوتنی ئاشتی هەژمارکرد.

رەمەزان ئۆراگ بەڕێوەبەری بنکەی ئۆراس بۆ توێژینەوەی ستراتیژی کە بارەگاکەی لە کیێڤە دەڵێت، “هەنگاوەکانی ئەمریکا بۆ فشارخستنە سەر سەرۆکی ئۆکرانیایە، بۆ ئەوەی داوای لێبوردن بکات و لەسەر مێزی دانوستانەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ دابنیشێت” ئەمەش دوای ئەوەی لە رابردوودا رەتیکردەوە ئەو هەنگاوە بنێ.

ئاماژەی بەوەشکرد، داوای لێبوردن کردن بۆ زلێنسکی هەنگاوێکی قورس دەبێت، لە ناوخۆی وڵاتەکەیدا دەیخاتە دۆخێکی شەرمەزارکەرەوە، پێگەی جەماوەری لە دەستدەدات کە ئەمە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی وڵاتەکەی زیانی پێدەگەیەنێت و چانسی سەرکەوتنی کەمدەکاتەوە”.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە ماوەی رابردوودا رایگەیاندبوو، کە پێویستیان بە دانوستانکارێکی دیکەیە لە بری زلێنسکی، ئەمەش بەهۆی ئەوەی وەک لەمپەڕی بەردەم ئاشتی دەیبینن.

گۆڤاری ئیکۆنۆمیستی بەریتانی لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، “گۆڕینی زلێنسکی لەم کاتی جەنگەدا وڵاتەکە دەخاتە ئاژاوەگێڕییەوە”.

بەرای زانایانی سەربازیش، راگرتنی هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکاش هەڕەشەیەکی گەورە لەسەر ئەو وڵاتە دروستدەکات.

لەگەڵ داخوازییەکانی ئەمریکا لە ئۆکرانیا بۆ چوونە ناو گفتوگۆی ئاشتی لەگەڵ رووسیا، مالکۆم چالمرز لە دامەزراوەی RUSI دەڵێت “هیچ بەڵگەیەک لەبەردەستدا نییە کە بیسەلمێنیت ڤلادمیر پوتین ئامادەی رێکەوتنی ئاشتییە لەگەڵ ئۆکرانیادا، بەڵکو هەنگاوەکانی ئەم دواییە زیاتر هانی دەدات کە داوای چەکداماڵین و پەڕگیرکردنی بکات”.

لەدوای دەمەقاڵێکەی کۆشکی سپی، زۆرێک لە سەرۆک و بەرپرسانی وڵاتانی ئەوروپی پشتیوانی خۆیان بۆ زلێنسکی و وڵاتەکەی دووپاتکردەوە، لە دۆخێکی لەم شێوەیەدا پرسیاری ئەوە دروست دەبێت، هاوکارییەکانی ئەوروپا دەتوانێت شوێنی هاوکارییەکانی ئەمریکا پڕبکاتەوە؟

رەمەزان ئۆراگ وەڵامدەداتەوە و دەڵێت، “نەخێر لەو باوەڕەدا نیم”.

 

 

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ملیۆنێک منداڵی ئەفغانی لەبەردەم مەترسی لەبرسامردندان

ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرایدەکات، بەهۆی خراپیی خۆراکەوە نزیکەی یەک ملیۆن منداڵ لە ئەفغانستان مەترسیی مردنیان لەسەرە، نیوەی دانیشتووانەکەشی…
زیاتر ببینە

دەرگای بەڕووی ئەوانی دیكەدا واڵایە
سەدر لەنێو چێوەی هەماهەنگیدا تەنها مالكی ڕەتدەكاتەوە

لە نوێترین پەیامیدا سەدر دەرگا بەڕووی لایەنەكانی چێوەی هەماهەنگی جگە لە ‏هاوپەیمانییەكەی مالكی دەكاتەوە، ئەمەش لەكاتێكدایە تائێستا هەوڵەكانی…
Total
0
Share