سەرۆكوەزیرانی عێراق، بەڕێوبەری گشتیی هەواڵگری و دژەتیرۆر و فەرماندەی پۆلیسی فیدراڵی و بریكاری وەزارەتی ناوخۆ و بەرپرسێكی تری هەواڵگری لە كارەكانیان دەركرد و چەندین فەرماندە و بەرپرسی سەربازی و ئەمنی گواستەوە.
كاردانەوەكانی دوو تەقینەوەكەی ئەمڕۆ پێنجشەممەی بەغداد بەردەوامن، ئێوارەی ئەمڕۆ مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی عێراق كۆبوونەوەیەكی بەپەلەی لەگەڵ كاربەدەستانی ئەمنی و سەربازیی بەغداد-دا ئەنجامدا و ئەو كەسانەی گۆڕی كە بەرپرسی پۆلیس و هێزە ئەمنی و هەواڵگرییەكانی ناوچەی تەقینەوەكان بوون.
كەمێك لەمەوبەر، سەرۆكوەزیرانی عێراق چەند بڕیارێكی تری لە كاردانەوەی تەقینەوەكاندا دەركرد، لەوانە دەركردنی عەبدلكەریم عەبد فازڵ (ئەبوعەلی بەسڕی)، بەڕێوبەری گشتیی هەواڵگری و دژەتیرۆر لە وەزارەتی ناوخۆ و فەریق ڕوكن- جەعفەر بەتات، فەرماندەی پۆلیسی فیدراڵیی عێراق و لادانیان لە پۆستەكانیان.
بڕیارێكی تری كازمی، لەكارلادانی فەریق ڕوكن- عامر سەدام، بریكاری وەزارەتی ناوخۆ بۆ كاروباری هەواڵگری بوو، بۆ جێگرتنەوەشی، سەرۆكوەزیران بڕیاریدا فەریق- ئەحمەد ئەبوڕەغیف وەك بریكاری وەزارەتی ناوخۆ بۆ كاروباری هەواڵگری دەستبەكارببێت.
لە چوارچێوەی بڕیارەكانی ئەمڕۆی كازمی-دا، فەریق- قەیس محەمەداوی، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی بەغداد گواسترایەوە بۆ وەزارەتی بەرگری و لیوا ڕوكن- ئەحمەد سەلیم كرا بە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی بەغداد.
یەكێكی تر لەو كاربەدەستانەی بەر بڕیارەكانی ئەمڕۆی كازمی كەوتوون، لیوا- باسم مەجید، بەڕێوبەری هەواڵگری و ئاسایشی ئۆپەراسیۆنەكانی بەغدادە، كە لە پۆستەكەی لادرا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 21ی كانونی دووەم، تەقینەوەیەكی خۆكوژی لە گۆڕەپانی “تەیەڕان” لە ناوچەی باب شەرجی لە بەغداد ڕویدا، دوای گەیشتنی هێزە ئەمنییەكان بە شوێنەكە و دروستبوونی قەرەباڵغی لەسەر تەرمی كوژراوەكان و هەوڵدانی تیمەكان و هاوڵاتییان بۆ گواستنەوەی بریندارەكان، خۆكوژێكی تر خۆی تەقاندەوە، بەوەش دەیان كەس كوژران و 110 كەسی تر برینداربوون.
قەبارەی ئەو دوو تەقینەوەیە هێند گەورەبوون و ژمارەی قوربانییەكان ئەوەندە زۆرن، كە چەندین نەخۆشخانەی سەرەكیی بەغداد پڕبوون لە بریندار.
دوای تەقینەوەكان، مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق داوای لە سوپا كرد هاوكاربێت لە پاراستنی ئاسایشی بەغداد، داواشی لە بەرپرسانی دەزگا ئەمنییەكان كرد هەوڵی زیاتر بخەنەگەڕ لەپێناو پاراستنی ئاسایش و ئارامیی هاوڵاتییان و وتی، “هەر كەلێن و بۆشاییەك لە دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەكاندا هەبێت، چارەسەری دەكەین.”
هەریەك لە سعودیە، قەتەڕ، ئوردن، میسر، توركیا و ئێران تەقینەوەكانی عێراق-یان سەركۆنەكرد و بەشێك لە كاربەدەستانی هەرێمی كوردستان-یش سەرباری سەركۆنەكردنی تەقینەوەكان، دەستی هاوكاریی كوردستانین بۆ قوربانییەكان درێژكرد و داوایان كرد ئەو ڕوداوانە ببنەهۆی زیاتر لێكنزیكبوونەوەی لایەنەكان و چارەسەركردنی كێشەكان.