مسوڵمانان لە هەر شوێنێکی جیهاندا بن، لە مانگی رەمەزاندا پێویستە لە کاتەکانی رۆژدا خۆیان لە خواردن و خواردنەوە بگرنەوە، لەگەڵ رۆژئاوابوونیش رۆژووەکانیان بشکێنن، بەڵام بۆ مسوڵمانانی ئەو شوێنانەی جیهان کە لە هەندێک وەرزی ساڵدا رۆژیان لێئاوا نابێت ئەزموونێکی جیاوازە.
-لە زۆرێک لە ناوچەکانی وڵاتی سوید بۆ ماوەی زیاتر لە 100 رۆژ لە ساڵێکدا لەنێوان مانگەکانی ئایار بۆ ئاب رۆژ ئاوا نابێت.
-لە وڵاتی فینلاند لە وەرزی هاویندا بۆ ماوەی 76 رۆژ رۆژئاوا نابێت.
-لە ئالاسکا، لەنێوان مانگەکانی ئایار بۆ تەمموز بۆ ماوەی 50 خولەک رۆژئاوا دەبێت و دواتر هەڵدێتەوە.
– نەرویجیش وەک بەشێک لەو وڵاتانە بۆ ماوەی 75 رۆژ لە ساڵێکدا شەو نابینێت.
-لە وڵاتی کەنەدا بە تایبەت لە بەشی باکووری رۆژئاوا لە وەرزی هاویندا بە نزیکەیی 50 رۆژ رۆژئاوا نابێت.
پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە لە کاتێكدا مانگی رەمەزان دەکەوێتە ئەو کاتانەوە کە رۆژیان تێدا ئاوا نابێت چۆن مامەڵە دەکەن؟
بەپێی رای زۆرینەی زانایانی مسوڵمان، ئەو وڵاتانەی کە ماوەیەکی زۆری کاتەکانیان لە ساڵدا بە شەو بەسەردەبەن، یان بە پێچەوانەوە بە رۆژ بەسەردەبەن، پێویستە بۆ کاتی ئەنجامدانی نوێژەکانیان هەروەها ئەنجامدانی رۆژووەکانیان پشت بە نزیکترین وڵاتی دراوسێیان ببەستن، کە کاتی شەو و رۆژیان لە دۆخێکی ئاساییدایە، بەو واتایەی ئەوان لە چ کاتێکدا نوێژ دەکەن و لە چ کاتێکدا دەست بە رۆژوو دەکەن و لە چ کاتێکیشدا رۆژووەکانیان دەشكێنن، ئەمانیش بەهەمان شێوەی پەیڕەوی دەکەن.