دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بڕیارێکی واژووکرد کە جەختدەکاتەوە ئینگلیزی زمانی رەسمی وڵاتەکەیە.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئامانج لە واژووکردنی بڕیارەکە باشترکردنی یەکێتیی نیشتمانی و چەسپاندنی کلتور و شوناسێکی هابەش و باشتر راییکردنی کارەکانی حکومەتە.
بەپێی بڕیارەکە بەڵگەنامە رەسمییەکان و دەقی یاسای وڵاتەکە تەنها بە زمانی ئینگلیزی دەبن.
بە وتەی ترەمپ، بەهۆی ئەم بڕیارەوە کۆچبەران باشتر دەتوانن فێری زمانی ئینگلیزی ببن و خۆیان لەگەڵ کۆمەڵگای ئەمریکی بگونجێنن و لەو رێگایەوە دەرفەتی کاریان بۆ بڕەخسێت.
لە پێشتر و لە ساڵی 2000 بڕیارێک دەرچووبوو تایبەت بەو کەسانەی کە زمانی ئینگلیزی نازانن و لەناوخۆی وڵاتەکەدان کە خزمەتگوزاریی تایبەتیان بۆ دابینبکرێت.
هەرچەندە لە بڕیارەکەی ترەمپدا رێگری لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بەو کەسانەی زمانی ئینگلیزی نازانن نەکردووە، دەوترێت کە بڕیارەکە بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەی پێشووە.