پەکەکە ئاگربەستی راگەیاند

کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە رایگەیاند، “لە ئەمڕۆوە ئاگربەست رادەگەیەنین”.

ئەمڕۆ شەممە، 1ی ئازاری 2025، کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا هاتووە، “ئێمە لە ئەمڕۆوە ئاگربەست رادەگەیەنین تاوەکو ئەو کاتەی هێرش نەکرێتە سەرمان، هیچ هێزێکمان کردەوەی چەکداری ئەنجام نادات”.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، “جێبەجێکردنی بابەتەکانی وەک چەک دانان تەنیا بە پێشەنگایەتیی پراکتیکی رێبەر ئاپۆ دەکرێت، بۆ سەرکەوتنی کۆنگرەش دەبێت رێبەر ئاپۆ خۆی سەرکردایەتیبکات، بانگەوازی رێبەر ئاپۆ بێگومان کۆتایی نییە، بە پێچەوانەوە دەستپێکێکی نوێیە”.

رۆژی 27 ی شوباتی 2025، عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە پەیامێکدا داوای لە پەکەکە کرد چەکدابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.

دەقی راگەیەندراوەکەی پەکەکە:
“راگەیاندنی رێبەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ٢٧ی شوبات بە ناونیشانی “بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی”، رێگای هەموو هێزەکانی ئازادی و دیموکراسی رووناکدەکاتەوە و وەک مانیفێستۆی سەردەمە. لەبەر ئەوەی مانیفێستۆی کۆمەڵگەی دیموکراتی بۆ گەلەکەمان و مرۆڤایەتی زیاد کردووە، بە ڕێزەوە سڵاو لە ڕێبەر ئاپۆ دەکەین.
لەگەڵ بانگەوازی باسکراودا دیارە کە لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پرۆسەیەکی مێژوویی دەستی پێکردووە. ئەمە کاریگەریەکی گەورەی لەسەر پێشکەوتنی بەڕێوەبەرایەتی دیموکراتی و ژیانی ئازاد لە سەرانسەری جیهاندا دەبێت. پەیوەست بەمەوە بەرپرسیاریەتی دەکەوێتە سەر شانی هەموومان؛ پێویستە هەر کەس ئەرک و بەرپرسیاریەتیەکانی خۆی جێبەجێ بکات.
بێگومان کردنی بانگەوازێک بەم شێوەیە زۆر گرنگ بوو؛ ئێستا جێبەجێکردنی ناوەڕۆکەکەی بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە زۆر گرنگە. ئێمە وەک پەکەکە ڕاستەوخۆ بەشداری ناوەڕۆکی بانگەوازی باسکراو دەبین و ڕایدەگەیەنین کە ئێمە بەپێی پێداویستیەکانی بانگەوازەکە هەڵسوکەوت دەکەین و جێبەجێیان دەکەین. بەڵام بۆ سەرکەوتن پێویستە مەرج و پێداویستیەکانی سیاسەتی دیموکراتی و زەمینەی یاسایی دابین بکرێن.
زۆر ئاشکرایە کە پەکەکە، بووەتە بزووتنەوەی ڕاستی و پاڵەوانە گەورەکانی نیو سەدەی دوایی کوردستان. هەموو شتێک بە خەباتێکی گەورەی پاڵەوانەتی، فیداکاری، قوربانیدان و ڕەنجی زۆر بەدەست هاتووە. ئێمە هەموو شەهیدە پاڵەوانەکانی ئەم خەباتی ئازادییە بە ڕێز، خۆشەویستی و سوپاسگوزاریەکی گەورە بەبیر دێنینەوە. ئێستا ئێمە بە هەمان گیان و باوەڕ دەستکەوتە مێژووییەکانی باسکراو دەگوازینەوە بۆ قۆناغێکی نوێی خەبات. ژیرییەی کە ڕێبەر ئاپۆ پێشکەشی کردووە و ئەزموونی گەورەی پەکەکە دروستی کردووە، باشی، ڕاستی، جوانی و هێزی بەڕێوەبردنی خەباتی ئازادی لە ڕێگەی سیاسەتی دیموکراتیەوە دەداتە گەلەکەمان.
لەم چوارچێوەیەدا، بۆ ئەوەی بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی جێبەجێ بکرێت، ئێمە لە ئەمڕۆوە ئاگربەست ڕادەگەیەنین. بە ڕادەیەک کە هێرش نەکرێتە سەرمان، هیچ هێزێکمان چالاکی چەکداری ئەنجام نادات. هەروەها جێبەجێکردنی بابەتەکانی وەک چەک دانان تەنها بە پێشەنگایەتی پراکتیکی ڕێبەر ئاپۆ دەکرێت.
هەروەها ئێمە ئامادەین کە بەپێی داواکاری ڕێبەر ئاپۆ کۆنگرەی پارتی بەڕێوە ببەین. بەڵام بۆ جێبەجێکردنی ئەمە پێویستە مەرج و پێداویستیە گونجاوەکان دابین بکرێن و بۆ سەرکەوتنی کۆنگرەش پێویستە ڕێبەر ئاپۆ خۆی پێشەنگایەتی کۆنگرە بکات و بەڕێوەی ببات. تا ئێستا لەگەڵ هەموو هەڵە و کەموکوڕیەکان ئێمە بەڕێوەبەرایەتی شەڕمان کرد؛ بەڵام تەنها ڕێبەر ئاپۆ دەتوانێت بەڕێوەبەرایەتی سەردەمی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی بکات.
ڕاستیە بەرچاوەکان زۆر ئاشکرا نیشان دەدەن کە بۆ ئەوەی بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە جێبەجێ ببێت، بۆ دیموکراتیکردنی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر بنەمای چارەسەری دیموکراتی کێشەی کورد، بۆ پێشخستنی بزووتنەوەی دیموکراسی گڵۆباڵ، پێویستە مەرجەکانی ڕێبەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ ئەوەی بتوانێت بە شێوەیەکی جەستەیی ئازاد بژیت و کار بکات دابین بکرێن، هاوڕێکانیشی لەناویاندا بتوانن بەبێ بەربەست لەگەڵ ئەو کەسانەی دەیانەوێت پەیوەندی دروست بکەن. ئێمە هیوادارین کە پێداویستیەکانی ئەمە لەلایەن دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی دەوڵەتەوە جێبەجێ بکرێن.
بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ بێگومان کۆتایی نییە، بە پێچەوانەوە دەستپێکێکی نوێیە. وەک کە لە ڕاگەیاندنەکەدا زۆر سەرنجڕاکێش دەوترێت و بە شێوەیەکی ئاشکرا دەخاتە بەرچاو کە ئەو شتانەی کە پێویست بوو لە ٣٥ ساڵی ڕابردوودا بەتایبەتی لەم ٢٠ ساڵەی دواییدا بکرابان، بەڵام بەو ڕادەیەی دەخوازرێت لە کاتی خۆیاندا نەکراون، ئێستا پێویستە بێگومان بکرێن. لەم بوارەدا پێویستە بانگەوازی ڕێبەرایەتی، هۆکارەکانی، تایبەتمەندی و ئەرکەکانی پرۆسە نوێیەکە کە دەستی پێکردووە بە دروستی و تەواوی تێبگەین و پێویستە پێداویستیەکانی بە سەرکەوتوویی جێبەجێ بکەین. پێویستە بە بەرپرسیاریەتی و جیددیەتێکی گەورەوە نزیک لە ناوەڕۆکی بانگەوازەکە ببینەوە و زۆر گرنگە کە لە هەموو بوارێکدا بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە جێبەجێ بکرێت.
با لەبیرمان نەچێت کە بارگرانیەکەی هەرە زۆر ڕێبەر ئاپۆ هەمیشە خستوویەتیە سەر شانی خۆی، ڕێگامان ڕووناک دەکاتەوە و پێشەنگایەتیمان دەکات. ئێستا بە ‘بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی’ هەنگاوێکی نوێ دەنێت و بۆ هەموو ژێردەستەکان بەتایبەتی ژنان و لاوان پرۆسەیەکی نوێی خەبات دەست پێدەکات. لەبەر ئەمە با تایبەتمەندیەکانی ئەم پرۆسە نوێیە بە دروستی تێبگەین و لەسەر بنەمای ئەوەی کە هەردەم لە بەرامبەر هەر جۆرە ساختەکاری و هێرشێک ئامادە بین، ئەرکەکانی بە سەرکەوتوویی جێبەجێ بکەین. با ڕێکخستنبوونی دیموکراتی و خەباتی ئازادیمان لە هەموو بوارێکدا بە ئازایەتی و فیداکاریەکی گەورەوە لە کوردستان، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە چوار لای جیهان گەش بکەین. پێویستە هەموومان بۆ سەرکەوتنی بانگەوازی ڕێبەرایەتی خۆمان بە بەرپرس بزانین.
ئەوەتا، چووینە مانگی مارسێکی نوێوە و هەیەجانی ٨ی مارس و نەورۆز دەژین. ئێمە شۆڕشی ئازادی ژنان لەسەر بنەمای ژنناسی پێش دەخەین و لەسەر هێڵی شارستانیەتی دیموکراتی ژیانی کۆمەڵگای ئەخلاقی و سیاسی ڕێکدەخەین. هەوڵ دەدەین ڕاستی ئاپۆیی بە شێوەیەکی دروست و تەواو تێبگەین و شۆڕشی ڕاستی کە شۆڕشی بیرکردنەوە و شێوازی ژیانە پێشبخەین. بانگەوازی دوایی ڕێبەر ئاپۆ لە ڕاستیدا بانگەوازی بەهێزتر پشتگیری لە ٨ی مارس و نەورۆز بکەن و بە هەیەجانێکی گەورەوە پیرۆزی بکەن. لە هەر کەسێک زیاتر پێویستە ژنان و لاوان ئەم بانگەوازە بە دروستی تێبگەن، بە بەهێزی پشتگیری لێبکەن و پێداویستیەکانی جێبەجێ بکەن.
لەسەر ئەم بنەمایانە ئێمە ٨ی مارس ڕۆژی ژنانی کرێکار و نەورۆز لە هەموو ژنان و لاوان، گەلەکەمان و دۆستەکانمان پیرۆز دەکەین و بانگەواز لە هەر کەسێک دەکەین کە بە گیانی ٨ی مارس و نەورۆز پشتگیری لە بانگەوازی ڕێبەرایەتی بکەن و لە هەموو بوارێکدا خەباتی ئازادی گەش بکەن!
بژی پێشەنگی پاڵەوانی گەلەکەمان پەکەکە!
“بژی ڕێبەر ئاپۆ!”

 

 

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ چاوپێكه‌وتنى میدیایی له‌ فه‌رمانده‌كانى پێشمه‌رگه‌ قه‌ده‌غه‌كرد

وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ ڕووماڵی میدیایی دەزگاکانی ڕاگەیاندن، بۆ ناو بەرەکانی جەنگ و هێزەکانی پێشمەرگه، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، بەتەواوی قەدەغەکرد.…
Total
0
Share