وەزیرى نەوت دەڵێت، عێراق لە چەند کاتژمێرى داهاتوودا دەستکردن بە هەناردەى نەوتى هەرێم لەڕێى کۆمپانیاى سۆمۆوە رادەگەیەنێت.
حیان عەبدولغەنى، وەزیرى نەوتى عێراق ئەمڕۆ هەینى رایگەیاند، عێراق لە کاتژمێرەکانى داهاتوودا دەستکردن بە پرۆسەکانى هەناردەکردنى نەوتى هەرێم لەڕێگەى کۆمپانیاى بەبازاڕکردنى نەوت “سۆمۆ” و لەڕێى بەندەرى جەیهانى تورکى بە رێژەى سەرەتایى 185 هەزار بەرمیلى رۆژانە کە دواتر بە پلەبەند زیاددەکرێت رادەگەیەنێت.
باسى لەوەشکرد، زیادکردنى بڕەکە تا ئەو ئاستە دەبێت کە لە بودجەى گشتى دیاریکراوە.
ئەو وتانەى وەزیرى نەوت لەمیانەى بەسەرکردنەوەى بەندەرى خۆر زوبێر دا بوو بەمەبەستى چاودێریکردنى پرۆسەى بەستنەوەى هێڵى غاز.
لەکاتێکى پێشتردا باسم نغمیش، ئەندامى لیژنەى نەوت و غازى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق رایگەیاند، سەرلەنوێ هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە چەند رۆژى نزیکى داهاتوودا دەبێت، پاش گەیشتنە رێککەوتنى کۆتایى لەنێوان بەغداد و هەولێر، هەروەها سەرجەم رێوشوێنە هونەرى و یاساییەکان تەواوکراون.
نغمیش وتیشى، “لەئێستادا هیچ رێگرییەک هونەرى بێت یان سیاسى لەبەردەم سەرلەنوێ هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لەڕێى بەندەرى جەیهانى تورکیدا نەماوە، کاروبارەکان بەپێى ئەوەى هەردوو حکومەتى بەغداد و هەولێر رێککەوتوون لەسەرى بەڕێوەدەچێت، چاوەڕوانى رێوشوێنە هونەرییەکانن لەلایەن لایەنى تورکییەوە، کە گەیشتووەتە قۆناغى کۆتایى”.