ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان دەربارەی چارەنووسی 500 میلاکەکەی هەڵەبجە رایگەیاند، “قۆناغی دابەشکردنیان تەواوبووە”.
کاوە عەلی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، لە لێدوانێکیدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا، دەربارەی 500 میلاکەکەی پارێزگای هەڵەبجە رایگەیاند، بە مەبەستی تەواوکردنی رێکارەکانیان ئەنجومەنی راژە نووسراویان ئاراستەی پارێزگای هەڵەبجە کردووە، بەڵام پارێزگا تاوەکو ئێستا وەڵامی نەبووە.
وتیشی، “لەئەگەری وەرگرتنی نووسراوەکەدا پارێزگا سەرجەم میلاکەکان ئاگادار دەکاتەوە کە لە فەرمانگەی دیاریکراوی خۆیاندا دەست بە تەواوکردنی مامەڵەکانییان بکەن”.
ئاماژەی بەوەشدا، لە ئێستادا قۆناغی دابەشکاریی لای ئەنجومەنی راژەی هەرێم تەواوبووە کە خۆی دەبینێتەوە لە دابەشکردنی 500 کەسەکە بەسەر 67 فەرمانگەی جۆراوجۆردا، بەڵام پڕۆسەکە چەند هەنگاوێکی دیکەی ماوە.
ئەوەشی خستەڕوو، لەماوەی رابردوودا 11 هەزار و 137 کەس فۆڕمی دامەزراندنەکەیان پڕکردووەتەوە، لەو ژمارەیەش 918 ئیمێڵیان بۆ رۆیشتووەتەوە، لەئێستاشدا 500 کەس ماونەتەوە و دوای تەواوکردنی مامەڵەکانیان چارەنووسیان یەکلادەبێتەوە.