بڕیارە وەفدی دەم پارتی سەردانی ئیمڕاڵی بکاتەوە و دواتریش پەیامی سەدە بڵاوبکاتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە وەفدی دەم پارتی جارێکی دیکە سەردانی دورگەی ئیمڕاڵی بکاتەوە و لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کۆببنەوە.
ئەندامانی وەفدەکەی دەم پارتی پێکهاتوون لە سری سورەیا، پەروین بوڵدان، ئەحمەد تورک، تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، تونجەر باکرهان، جەنگیز چیچەک و فایەق ئۆزگور ئەرۆل پارێزەری عەبدوڵڵا ئۆجەلان.
بڕیارە دوای گەڕانەوەیان لە ئیمڕاڵی وەفدەکە کاتژمێر 4:00 پەیامی عەبدوڵا ئۆجەلان بۆ ئاشتی لە تورکیا بڵاوبکەنەوە.
چاوەڕێدەکرێت، پەیامەکە بڕیاری گرنگی لەبارەی چەک دانان و دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان لەخۆبگرێت.
دەم پارتی داوا لە هاوڵاییانی باکووری کوردستان دەکات، لە کاتژمێر 4:00 ی دواینیوەڕۆ لە سەنتەری شارەکانیان کۆببنەوە و لە رێگای شاشەیەکی گەورەوە گوێبیستی پەیامەکە ببن و خۆشی خۆیان دەرببڕن.