قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەفدێکی رەوەندی عێراقی لە ئەمریکا کۆبووەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازیکرد لە وەفدێکی رەوەندی عێراقی لە ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی مارتن مەننا، سەرۆکی ژووری بازرگانیی کلدانی – ئەمریکی و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا چۆنییەتی بە‌هێزکردنی پەیوەندیی و هەماهەنگی نێوان هەردوولا و دۆخی کریستیانەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق و چەند پرسێکی دیکە تاوتوێ کران.

لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی سێ شەمە(25/2/2025) بەڕێوەچوو، باس لە دۆخی کریستیانەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق کرا و وەفدی رەوەندی عێراقی لە ئەمریکا ستایشی حکومەت و دانیشتوانی هەرێمی کوردستانیان کرد کە بەردەوام پشتگیرییان لە پێکهاتەی کریستیان و بە تایبەتیش کلدانییەکان کردوە. لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە گرنگیی قوڵکردنەوەی گیانی پێکەوەژیان کرد لە کوردستان و رایگەیاند کوردستان وەک هەمیشە وڵاتی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان هەموو پێكهاتەکان دەمێنێت و رۆڵ و پێگەی مێژوویی کریستیانەکانی لە هەرێمی کوردستان بەرز نرخاند.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا لەبارەی چۆنییەتی بەهێزترکردنی پەیوەندی و هەماهەنگیی بازرگانی نێوان هەرێمی کوردستان و رەوەندی عێراقی لە ئەمریکا گفتوگۆکرا. لەمبارەیەشەوە جێگری سەرۆکوەزیران ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ پێشکەشکردنی هەموو جۆرە کارئاسانییەک بۆ کاری وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ئاڵنگارییەکانی بەردەم ئاوەدانکردنەوەی موسڵ کرا و لەمبارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان و وەبەرهێنەرانی کوردستان ئامادەن بۆ هەموو جۆرە هاوکارییەک لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ و ئەو وەبەرهێنەرانەی دەیانەوێت لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی موسڵدا بەشداری بکەن.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

قوباد تاڵەبانی: هیوادارین هاوڵاتییان بە رێژەیەکی بەرچاو بەشداریی دەنگدان بکەن

قوباد تاڵەبانی، رایگەیاند، هیوادارین هاوڵاتییان بە رێژەیەکی بەرچاو بەشداریی دەنگدان بکەن. قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم، رایگەیاند، لەگەڵ…
Total
0
Share