راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق، چەند هەنگاوێکی حکومەت بۆ کەمکردنەوەی رێژەی بێکاری دەخاتەڕوو.
مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری دارایی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، حکومەتی عێراق پشت بە میکانیزمێکی تایبەت و گرنگ دەبەستێت بۆ کەمکردنەوەی رێژەی بێکاریی لە وڵاتەکەدا.
وتیشی، “لە رێگای وەبەرهێنانەوە دەتوانین 60%ـی بێکاری لەعێراقدا چارەسەربکەین، هەربۆیە لەماوەکانی داهاتوودا، زنجیرەیەک شاری گەورەی پیشەسازیی دروستدەکرێت کە دەبنە هۆکارێكی گرنگ بۆ رەخساندنی دەرفەتی کار و کەمکردنەوەی رێژەی بێکاری”.
ئاماژەی بەوەشدا، حکومەتی عێراق لەرێگای سێ هەنگاوی سەرەکییەوە هەوڵ بۆ کەمکردنەوەی بێکاریی دەدات، لەوانە: پێدانی قەرزی بچووک بە گەنجان، دامەزراندنی بانکێكی تایبەت بە پێدانی قەرز بە هاوڵاتییان و پێکهێنانی لیژنەیەکی نێودەوڵەتی بۆ دابینکردنی پاڵپشتیی دارایی بۆ پڕۆژە گەورە پیشەسازییەکان.