شارەزایەکى بوارى کیمیا چەند رێگایەکى ئاسان ئاشکرادەکات کە لەڕێیەوە دەتوانیت لەڕێیەوە کوالێتیى ئاوى خواردنەوەى ماڵەکەت بزانیت.
ئەندریە دۆروخۆف، شارەزاى روسیی بوارى کیمیا دەڵێت، بە لەبەرچاوگرتنى ئەوەى ئاو یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانى ژیان، بۆیە خواردنەوەى ئاوى ژەهراوى زیانى مەترسیدارى بۆسەر تەندروستى دەبێت، بۆیە باشترە بەدواداچوون بۆ کوالێتیى ئاوى خواردنەوەى ناو ماڵەکەت بکەیت بە چەند رێگایەکى ئاسان و بەردەست.
ئاماژەشیدا، لە دیارترین و ئاسانترین رێگا پشکنینى تایبەتمەندییەکانى ئاوە وەک بۆن و رەنگ و تام. بۆنى نامۆى ئاو رەنگە ئاماژەبێت بۆ بوونى کلۆر یان کبریتیدى هایدرۆجین، کە زیانى بۆ گورچیلە و جگەر و جەستە بەشێوەیەکى گشتى هەیە
وتیشى، “ئاوى گونجاو بۆ خواردنە پێویستە زۆر روون و بێ خڵتە بێت، رەنگى زەرد لە ئاودا ئاماژەیە بۆ بوونى پاشماوەى ئاسن، رەنگى سەوز ئاماژەیە بۆ وردە کەڕوو.. پێویستە ئاو لەکاتى خواردنەوەیدا لەسەر زمان قورس نەبێت”.
ئەو شارەزایە روونیشیکردەوە، بەهەمان شێوە دەتوانرێت تاقیکردنەوەى بۆ کوالێتیی ئاو بکرێت لەڕێى شریتى پشکنینى تایبەت کە لە دەرمانخانەکان و هەندێک کۆگاى پەیوەست بە کەلوپەلە تاقیگەییەکان بەردەست دەکەوێت، ئەم جۆرە شریتانە بە خێرایى و ئاسانى شیکارى بۆ ئاوەکە و ئاستى ترشى و کلۆر و نیترات و ماددە قورسەکان دیاریدەکات.