وەزیری وزەی تورکیا رایدەگەیەنێت، تائێستا هیچیان لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بەدەستنەگەیشتووە.
ئاڵپ ئەرسڵان بەیرەقدار، وەزیری وزەی تورکیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، تائێستا تورکیا هیچ پشتڕاستکردنەوەیەکی لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بۆرییەکانی عێراق-تورکیاوە بەدەستنەگەیشتووە.
سەبارەت بەوەی کە چ کاتێک هەناردەی نەوت دەستپێدەکاتەوە و ئایا هیچ زانیارییەک لە عێراقەوە هەیە لەسەر ئەو بابەتە، ناوبراو وتی “هێشتا هیچ شتێک نییە”.
رۆژی دووشەممە، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند، هەفتەی داهاتوو هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە؛ ئەمەش پاش ئەوە دێت، رۆژی 2ـی شوباتی ئەمساڵ، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەمواری یاسای بودجەی پەسەندکرد و بەمپێیەش، لە رێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە، جارێكی دیكە هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێدەكاتەوە.