رێباز حەملان: ئەو پێشکەوتنەی هەرێمی کوردستان لە حوکمڕانیدا کردی عێراق پێینەکرا

رێباز حەملان، بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق پەیامێکی لەبارەی کێشەی جوتیارانی کورد لە کەرکوک بڵاوکردەوە و دەڵێت، دەبێت چاوەڕوانی پێشهاتی تریش بین.

لە پەیامێکدا، رێباز حەملان نوسیویەتی، “بابەتی مووچە و بودجە، جێبەجێنەکردنی رێککەوتننامەی شنگال، جێبەجێنەکردنی ماددەی 140 و جێبەجێنەکردنی بڕیارەکانی دادگا لەسەر زەوییە داگیرکراوەکانی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بابەتی مامۆستایانی کورد لە کەرکووک و جێبەجێنەکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی کە لە بەرژەوەندی هەرێمە. هەموو ئەم کێشە هەڵپەسێردراونە کە بەردەوام دووبارە و 100بارە دەبنەوە و دەبێت چاوەڕوانی پێشهاتی تریش بین”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، “ھۆکارەکەی ئەوەیە کە بەشێک لەو عەقڵیەتەی باڵادەستە لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراق، هەر ھەمان عەقڵیەتی مەرکەزییەتی خۆسەپێنەری ھەیە، کە دانپێدانەنانە بە مافەکانی گەلی کورد و چاویان ئەو دەستوورەش نابینێ کە خۆیان دەنگیان پێداوە”.

بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق باسیلەوەشکردووە، “ئەو هەستە پڕ لە قینەی ھەندێک لایەن و کەسی باڵا دەست ھەیانە کە ناتوانن ئەو ئاوەدانی و ئەو پێشکەوتنەی کە هەرێمی کوردستان لە حوکمڕانی خۆیدا کردی، ئەوان پێیان نەکرا بە فرۆشتنی ملیۆنان بەرمیل نەوت رۆژانە نەیانتوانی ژیانی خەڵکەکەیان لە باشوور و ناوەڕاست ببەنە ئاستێکی خۆشگوزەران و شیاو و ئارام”.

نوسیویشیەتی، “ئەوەی جێگای داخە یەکنەبوونی نێو ماڵی کورد بەتایبەت بەرامبەر بەغداد و نەبوونی یەک ھەڵوێستی نوێنەرانی کورد لە بەغداد، لە بەرامبەر رەفتارە جۆراوجۆرەکانی مامەڵەی عێراق لەسەر هەموو پرسەکان، کە بەرامبەر هەرێم دەکرێت وایکردووە هەر رۆژە و بە ناوی دۆسییەکەوە کێشە بۆ نەتەوەی کورد دروست بکەن، لە ناو هەرێم و لە ناوچە کوردییەکانی دەرەوەی هەرێم کە دەبێت نوێنەرانی کورد لە بەغداد ببنە دەنگێکی بەرز و بە بیرێکی نەتەوەییانە کار بۆ چارەسەری ریشەیی هەموو پرسەکان بکەن”.

دوێنێ دووشەممە هێزێکی سەر بە سوپای عێراق هەڵیکوتایە سەر زەوییە کشتوکاڵییەکانی جوتیارانی کورد لە ناحیەی سەرگەڕان و رێگریی کارکردنیان لێکردن و داوایان لێکردن زەوییەکانیان چۆڵبکەن. ئەم رووداوە کاردانەوە و ناڕەزایەتییەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

دژەتیرۆر لەبارەی دەستگیركردنی تیرۆریستێك لە هەولێر ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دژە تیرۆری کوردستان، ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی دەستگیركردنی تیرۆریستێك لە هەولێر بڵاوكردەوە. لە ڕوونكردنەوەكەدا هاتووە، “لەم رۆژانەدا هەواڵێک…
Total
0
Share