لە پارێزگای دهۆک تەرمی کەسێک بە کوژراوی دۆزرایەوە، ناسنامەی قوربانییەكە نادیارە و هۆكاری مردنەكەشی ڕوون نەبووەتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 21ی كانونی دووەم، هێمن سلێمان، بەرپرسی ڕاگەیاندنی پۆلیسی دهۆک بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “درەنگانێكی شەوی ڕابردوو، تەرمی کەسێک بە کوژراوی لە سەر شەقامی سەرەکیی نزیک گوندی ئێمینکی لە دهۆک دوزراوەتەوە”.
ئەوەشی ڕاگەیاند، “تەرمەکەی لەلایەن پولیسەوە ڕەوانەی پزیشکی دادی دهۆک کراوە، شوێنەواری گولە بە جەستەیەوە نییە ئەگەری زۆری هەیە بە ڕوداوی هاتوچو گیانی لەدەستدابێت”.
بەرپرسی ڕاگەیاندنی پۆلیسی دهۆک ئاماژەی بەوەشکرد، “تەمەنی كوژراوەكە نزیكەی 25 ساڵ دەبێت و لە ڕەگەزی نێرە، تا ئێستا ناسنامەکەی دیارنییە و نازاندرێت خەڵکی کوێیە، پولیس پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕوداوەکە کردووەتەوە”.