شارەزایەکی کەشناسی رایدەگەیەنێت، لە چەند رۆژی داهاتوودا، بەهێزترین شەپۆلی بەفر و سەرمای ئەمساڵ دەگاتە هەرێمی کوردستان و بەفر لە سەنتەری شارەکانیشدا دەبارێت.
ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی لەبارەی رۆژی گەیشتنی ئەو شەپۆلەوە دەڵێت، زۆرترین رێژەی دابارینی بەفر و باران لەنێوان شەوی پێنجشەممە بۆ بەرەبەیانی رۆژی ھەینی 21/2/2025 دەبێت، بەردەوامبوونی شەپۆلی بەفر و باران بەشێوەی پچڕپچڕ و رێژەی لاواز بۆ مامناوەند تا ناوەڕاستی ھەفتەی داھاتوو 24/2/2025 دەخایەنێت و پاشان کۆتایی پێدێت .
ئاماژەی بەوەشکردووە، ساردترین ماوەی شەپۆلەکە رۆژانی 22 تا 26ی مانگ دەبێت، پلەکانی گەرما بەڕێژەی 8 تا 14 پلە بەجیاوازیی ناوچەکان نزمدەبنەوە و لە ناوچە شاخاوییەکان، نزمترین پلەکانی گەرما 10 تا 18 پلە بۆ ژێر سفر نزمدەبێتەوە، لە تەواوی ناوچەکان و سەنتەری شارەکانیش، بۆ سفر و چەند پلەیەک ژێر سفر نزمدەبنەوە و ساردترین ماوەی زستانی ئەمساڵ لە ناوچەکەدا دەستپێدەکات .
ئاراس جەبار باسیلەوەشکردووە، لە ماوەی ئەو شەپۆلەدا، ئەگەری بارینی بەفرێکی زۆر دەبێت لە ناوچە شاخاوییەکان، لە 50 سم تا زیاتر لە یەک مەتر، لە ناوچە نزمەکانیش بارانێکی باش دەبارێت، لەگەڵ داخڵبوونی تەواوەتیی شەپۆلە جەمسەرییەکە بۆ سەر ناوچەکانی ھەرێم و عێراق لە رۆژانی 22 بۆ 24ـی مانگ، بەفربارین سەنتەری شارەکانیش دەگرێتەوە و لە شارەکانی سلێمانی، ھەڵەبجە و دھۆک بەفر دەبارێت لەگەڵ ئەگەرێکی لاوازیش بۆ شارەکانی کەرکوک و ھەولێر .
ئەو شارەزایەی کەشناسی ئەوەشیخستووەتەڕوو، ئەم نزمەپاڵەپەستۆیە کە لە جەمسەری باکورەوە روو دەکاتە ناوچەکە، بەشێوەی وشکەسەرما کاریگەرییەکانی تا باشوری عێراق، ئێران، بلادشام و باکوری سعودیە درێژدەبێتەوە، بەم شێوەیەک مەودایەکی گەورە و فراوانی وڵاتانی ناوچەکە دەکەوێتە ژێر کاریگەرییەکانیەوە.